پینتۆس پلانێکی تایبەتی حەوت رۆژەی بۆ ئامادەکردنی ئێمباپێ داناوە

14 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید کیلیان ئێمباپێ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئانتۆنتۆ پینیۆس، راهێنەری توانای جەستەیی ریال مەدرید، کار لەسەر پلانێکی تایبەت دەکات لەپێناو ئامادەکردنی کیلیان ئێمباپێ لە رووی جەستەییەوە، تاوەکو بۆ یاریی جامی سوپەری ئەوروپا ئامادە بێت.
 
کیلیان ئێمباپێ پاشئەوەی بەفەرمی پەیوەندی بەڕیزەکانی ریال مەدریدەوە کرد و لە نێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەهاندەرانی یانەکە ناسێنرا، پشووی پێدراوە و لە هیچ یەکەیەکی مەشقی یانەکەدا بەشداریی نەکردووە.
 
لە کاتێکدا ریال مەدرید کەمپی ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێ دەستپێکردووە و ژمارەیەک لە یاریزانە سەرەکییەکانی یانەکە گەڕاونەتەوە مەشقەکان، بەڵام پشووی ئێمباپێ هێشتا کۆتایی نەهاتووە.
 
ریال مەدرید لە کەمپی ئامادەسازییەکەیدا لە ئەمریکا، چەند یارییەکی دۆستانە ئەنجامدەدات، لە نێویاندا رووبەڕووبوونەوەی بارسێلۆنا لە بەرەبەیانی سبەیدا، پاشان یانەکە دەگەڕێتەوە ئەوروپا و خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاتڵانتای ئیتاڵی لە جامی سوپەری ئەوروپا ئامادە دەکات کە رۆژی 14ی مانگ ئەنجامدەدرێت.
 
سەرچاوەکان گوتوویانە، پشووی ئێمباپێ لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆتایی دێت و ئەو یاریزانە دەگاتە ئەمریکا بۆ پەیوەندیکردن بەمەشقەکانی یانەکەوە لە چەند رۆژی داهاتوودا.
 
تۆڕی 'دیلیڤۆ'ی ئیسپانی دەڵێ، پینتۆس ئامانجیەتی ئێمباپێ لە رووی جەستەییەوە بەتەواوی ئامادە بکات، تاوەکو بۆ جامی سوپەری ئەوروپا بەتەواوی ئامادە بێت.
 
بەپێی ئەو تۆڕە، پینتۆس لەگەڵ گەیشتنی کیلیان، مەشقەکان لەگەڵ ئەو یاریزانە دەستپێدەکات، تاوەکو بیگەیەنێتە بەرزترین ئاستی توانای جەستەیی.
 
ئەو تۆڕە دەڵێ، ئێمباپێ تاوەکو کۆتاییهاتنی کەمپەکەی ئەمریکا سەرقاڵی مەشق و ئامادەسازیی دەبێت و بەشداری لە هیچ یارییەکەدا ناکات، ئامانج ئەوەیە بۆ جامی سوپەر بەباشترین شێوە ئامادەبێت و یارییەکەی ئاتاڵانتا یەکەم دەرکەوتنی کیلیان دەبێت بەدرێسی یانەی شاهانەوە.
 
بەپێی هەمان سەرچاوە، پینتۆس پلانێکی ورد و چڕی لەسەر خێرا گەڕاندنەوەی ئێمباپێ بۆ توانای جەستەیی و خێراییەکەی داناوە و لە ماوەی حەوت رۆژدا، هەموو کارێک بۆ ئامادەکردنی ئەو یاریزانە دەکات.
 
ئەو سەرچاوەیە دووپاتیکردووەتەوە کە کیلیانی 25 ساڵان، دەیەوێت یەکەم نازناوی کیشوەریی لەگەڵ ریال مەدرید بەدەستبهێنێت، پاشئەوەی لە مێژووی یارییکردنی خۆیدا نەیتوانی لەسەر ئاستی ئەوروپا لەگەڵ یانەکەی پێشووی، هیچ نازناوێک بباتەوە.
 
ریال مەدرید لە میانی کەمپەکەی ئەمریکادا، یارییەکی دۆستانەی بەرامبەر میلان بەگۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕاندووە و جیا لە بارسێلۆنا، بەرامبەر چێڵسیش یارییدەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە