ڤیدیۆ؛ بڕیارێکی گرنگ لە پێرێزەوە لەبارەی ئێمباپێ

03-08-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
پێرێز و ئێمباپێ
پێرێز و ئێمباپێ
نیشانەکردن فلۆرێنتینۆ پێرێز کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لەکاتێکدا گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان لەسەر ئاستی خولە گەورەکانی ئەوروپا 28 رۆژی ماوە کۆتاییبێت، هەمووان چاوەڕێن ریال مەدرید گرێبەستی کیلیان ئێمباپێ واژۆ بکات و یاریزانەکە بباتە ریزەکانی، بەڵام لەسەر فەرمانی سەرۆکی یانەکە، قسەکردن لەبارەی یاریزانەکەوە رادەگیرێت.
 
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید بە سەرجەم ئەندامەکانی یانەکەی گوتووە، ئیدی بەسە و تاوەکو کاتێکی نادیار قسەکردن لەبارەی گفتوگۆکردن لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان بۆ گواستنەوەی ئەستێرە فەرەنسییەکە رابگرن و خۆیان بەو پرسەوە سەرقاڵ نەکەن.
 
ماڵپەری دێڤێنسا سێنترالی ئیسپانی دەڵێت "سەرچاوەکانی نزیک لە ریال مەدرید پشتڕاستیدەکەنەوە کە پێرێز بڕیارییداوە قسەکردن لەسەر پرسی گواستنەوەی یاریزانەکە رابگیرێت و پێی وایە ئیدی پاریس سانجێرمان چووەتە نێو قۆناخێکەوە، کە قۆناخی بێ ئومێدبوونە و یانەکە خۆی پێویستیی بەوەیە پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بکات بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ واژۆ بکات."
 
بەپێی ئەو سەرچاوەیە فلۆرێنتینۆ پێرێز بە ئەنجوومەنی کارگێڕیی یانەی ریال مەدرید گوتووە " ریال مەدرید پەلە ناکات، پاریس سانجێرمان ترسی لەوەیە ئێمباپێ بێبەرامبەر لە یانەکە بڕوات، بۆیە پێویستە ئەوان پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە نەک بەپێچەوانەوە."
 
ئەم هەنگاوەی ریال مەدرید لەکاتێکدایە، کیلیان ئێمباپێ دوای کۆتاییهاتنی وادەی کارکردن بە بەندی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی 40 ملیۆن یۆرۆ لە یانە فەرەنسییەکە وەردەگرێت و هێشتا سوورە لەسەر ئەوەی وەرزی نوێش لەگەڵ پاریس سانجێرمان بێت، بۆ ئەوەی سەرجەم پاداشتە داراییەکانی لە یانەکە وەربگرێت.
 
پاریس سانجێرمان خۆی بۆ رکابەرییەکانی وەرزی نوێ ئامادەدەکات، ئێمباپێ بەتەنیا مەشق دەکات و لە یانەکە دوورخراوەتەوە، میدیای فەرەنسا دەڵێت "کیلیان بۆ یاریی یەکەمی خولی فەرەنسا بانگهێشتناکرێت، کارگێڕیی پاریس سانجێرمان و تەنانەت میری قەتەریش لە مامەڵەی یاریزانەکە تووڕەن و ئەگەر یاریزانەکە بە رۆیشتن لەم هاوینەدا رازی نەبێت، یانەکە بیر لەوە دەکاتەوە بەدرێژایی وەرزی نوێ یاریزانەکە بخاتە سەر کورسیی یەدەگ و چەندین سزای دیکەشی بەسەردا بسەپێنێت."
 
ئەگەر ئێمباپێ لە پاریس بمێنێتەوە و سزابدرێت، کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر کەسایەتیی یاریزانەکە دەبێت، بەتایبەت کە 2024 ئۆڵیمپیادی پاریس و یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا بەڕێوەدەچن و مانەوەی کیلیان لەسەر کورسیی یەدەگ کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کەسایەتی و ئاستی یاریزانەکە دەبێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە