ئەو یاریزانەی مارسێلۆ تووشی پێکانی کرد ساڵێک دووردەکەوێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەو یاریزانەی بەهۆی مارسێلۆوە تووشی پێکانبوو، یەک ساڵ لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە.
 
لە یارییەکانی قۆناخی 16ـی جامی لیبەرتادۆرێس، هەردوو یانەی ئەرجەنتینۆس جونیۆری ئەرجەنتینی و فلومینێنسیی بەرازیلی رووبەڕووی یەکبوونەوە، لە یارییەکەدا مارسێلۆ ئەستێرەی بەرازیلی بووە هۆکاری ئەوەی لوسیانۆ سانچێز، یاریزانی یانەی ئەرجەنتینۆس تووشی پێکانێکی سەخت و مەترسیدار ببێت، کە بەهۆی ئەو پێکانەوە یاریزانەکە ساڵێک لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە.
 
ئەلیخاندرۆ رونکونی، پزیشکی ئەرجەنتینی لەلێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "لە ماوەی 23 ساڵی کارکردنمدا وەک پزیشک هەرگیز شتی لەم شێوەیەم نەبینیووە، ئەمە بە نزیکەیی شکانی نێوان ئێسکی ران و بەشی خوارەوەی قاچە، بە دڵنیاییەوە سانچێز پێویستیی بە نەشتەرگەریی هەیە بۆ رێکخستنەوەی ئەژنۆی کە بەو هۆیەوە ماوەی 10 بۆ 12 مانگ لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە."
 
دوای ئەوەی مارسێلۆ بووە هۆکاری پێکانەکەی سانچێز، راستەوخۆ یاریزانە بەرازیلییەکە بەکارتی سوور کرایە دەرەوە.
 
پێکنای ئەو یاریزانە بەهۆی سەختییەکەیەوە کاردانەوەی زۆر گەورەی لەسەر ئاستی جیهان دروستکرد و کریستیانۆ رۆناڵدۆش پاڵپشتیی مارسێلۆی کرد بۆ ئەوەی ئەو بارودۆخە دەروونییە خراپە تێبپەڕێنێت کە بەهۆی پێکانی یاریزانەکەوە تووشی بووە.
 
یاریی چوونی ئەم قۆناخەی پاڵەوانێتییەکە بەیەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەر لایەک کۆتاییهات، لە یاریی گەڕانەوەدا هەردوو یانە لە بوێنس ئایرێس یارییدەکەن بۆ ئەوەی تیپی سەرکەوتوو بۆ قۆناخی هەشت یەکلاببێتەوە.