ڤیدیۆ؛ ریال مەدرید دووەم یاریی لەسەریەکی دۆڕاند


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید دوایین یاریی دۆستانەی لە ئەمریکا ئەنجامدا و بۆ دووەم یاریی لەسەریەک دۆڕا.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەکاتی باشووری کوردستان، لە دوایین یاریی دۆستانەیدا بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ رکابەرییەکانی وەرزی نوێ، یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی رووبەڕووی یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی بووەوە و لۆس بلانکۆس بە گۆڵێک بەرامبەر سێ گۆڵ یارییەکەی دۆڕاند.
 
دوای تەنیا 50 چرکە لە دەستپێکردنی یارییەکە مۆیس کین گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی یوڤێنتوس تۆمارکرد.
 
دوای گۆڵەکە ریال مەدرید هەوڵیدەدا ئەنجامەکە راستبکاتەوە، بەڵام تیمۆسی ویا لە خولەکی 19 گۆڵی دووەمی بۆ یانە ئیتاڵییەکە تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 38 ڤینیسیۆس جونیۆر بەخێراییەکی زۆر خۆی گەیاندە ناوچەی سزا و گۆڵێکی بۆ یانەی ریال مەدرید تۆمارکرد و ئەنجامەکەی کەمکردەوە.
 
دوای ئەوەش یانەی شاهانە مەترسییەکی زۆری خستە سەر گۆڵی یانە ئیتاڵییەکە، بەڵام نەیتوانی ئەنجامەکە راستبکاتەوە و نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندیی بیانکۆنێری کۆتاییهات.
 
لەنیوەی دووەمدا هەردوولا هێرشی زۆریان بردە سەر گۆڵی یەکدی، بەڵام تەنیا دوشان ڤلاهۆڤیچ توانیی گۆڵ بکات و یوڤێنتوس یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
 
ئەمە دووەم دۆڕانی ریال مەدریدبوو لە یارییە دۆستانەکانیدا لە ئەمریکا، دوای ئەوەی یاریی رابردووی بەرامبەر بارسێلۆنا دۆڕاند، دوای ئەم یارییەش یانەکە راستەوخۆ دەگەڕێتەوە ئیسپانیا و خۆی بۆ گەڕی یەکەمی لالیگا ئامادەدەکات کە رووبەڕووی ئاتلێتیک بیلباو دەبێتەوە.