دێر کلاسیکێر دەبێتە دەستپێکی رکابەرییەکانی وەرزی نوێ


رووداو - هەولێر

وەرزێکی نوێی تۆپی پێی ئەڵمانیا و چوونە نێو رکابەری وەرزێکی دوور و درێژ دەستپێکەکەی دێر کلاسیکێر دەبێت، لەنێوان هەردوو گەورەکەی ئەو وڵاتە، بایرن میونشن و بۆرووسیا دۆرتموند.

ئەمشەو کاژێر 21:30 یاریگەی سیگناڵ ئیدونا پارک، بەرەنگی زەرد و رەشی دۆرتموندەوە باوەش بۆ رکابەرییکردنی باڤارییەکان دەکاتەوە، بۆ رکابەرییکردن لەسەر نازناوی جامی سوپەری ئەڵمانیا، کاتێک بایرنی پاڵەوانی خول و جامی وڵاتەکە لە وەرزی رابردوودا و دۆرتموندی دووەمی خولەکە بەرامبەر یەکدی یارییدەکەن.

دۆرتموند 5 ساڵە لە بردنەوەی نازناوەکە دوورە و ئەمشەو لە یاریگەی خۆیدا دەیەوێت بردنەوەی ئەم نازناوە بکاتە دەستپێکی رکابەرییەکان و بگەڕێتەوە سەر سەکۆی نازناوەکە، لەبەرامبەر بایرن میونشن پاڵەوانی سێ وەرزی رابردووە و ئامانجیشی بەرگریکردنە لەو باڵادەستیەی، بەتایبەت کە لە دوای ساڵی 2015ـەوە هیچ یانەیەک جگە لە بایرن نەیتووانیووە ئەو نازناوە بباتەوە.

بایرن میونشن و بۆرووسیا دۆرتموند لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا گۆڕانکاریی زۆریانکردووە و دەیانەوێت ئەمشەو توانای ئەستێرە نوێیەکانیان لە یاریگەدا بەیەکدی پێشانبدەن، بەتایبەت دۆرتموند دوای گرێبەستکردن لەگەڵ تورگان هازارد، جولیان براندت، ماتس هەمڵس و نیکۆ شوڵز، دەیەوێت ئەم یارییە بکاتە دەستپێکی کۆتاییهێنان بەباڵادەستی بایرن، بەڵام بەشدارییکردنی تورگان هازارد لە یارییەکەدا بەهۆی پێکانەوە جێگەی گومانە.

لەبەرامبەردا بایرن میونشیش گۆڕانکاریی زۆری کردووە، بێنیامین پاڤارد و لوکاس هێرناندێز دوو ئەستێرەی دیارن کە یانەکە گرێبەستی لەگەڵ کردوون، بەڵام هێرناندێز لەگەڵ سێرج نابری و خاڤی مارتینێز بەهۆکاری جیاوازە لە یارییەکەدا یاوەری پێکهاتەی نیکۆ کۆڤاچ ناکەن.

بایرن میونشن و بۆرووسیا دۆرتموند، مێژووییەکی دوور درێژیان لە رکابەرییکردنی یەکدی هەیە، کامیان سەرەتای کاروانی وەرزێکی دوور و درێژ بەبردنەوەی جامی سوپەری ئەڵمانیا دەستپێدەکات، باڤارییەکان گەورەیی خۆیان دووپاتدەکەنەوە، یان بۆرووسیا لە یاریگەی خۆیدا کۆتایی بەو باڵادەستییەی دەهێنێت، سیگناڵ ئیدونا پارک ئەو وەڵامەی پێیە.