رۆناڵدۆ خەونی منداڵێکی کورد دەکاتە راستی

03-07-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئاوار هۆزان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دراوسێیەکی ئەو منداڵەی، کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە دوای یاریی پۆرتوگال و سلۆڤینیا چاوی پێیکەوت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کە منداڵەکە کوردە و ناوی ئاوار هۆزانە، خەڵکی شاری دێرکی رۆژئاوای کوردستانە.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال، نەک تەنیا لەنێو یاریگەدا بە ئەنجامدانی کاری گەورە و سەرسوڕهێنەر هەمیشە دەبێتە جێگەی سەرنج، بەڵکو لە دەرەوەی لاکێشەی سەوزیشدا بەردەوام کاری گەورە دەکات، بەتایبەتیش ئەوانەی نەخۆشن و پێویستییان بە پشتیوانی و یارمەتیدان هەیە.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەمجارەش وەک دەیان جاری پێشوو، خواستی منداڵێکی تەمەن 4 ساڵانی بەدیهێنا، کە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە، کاتێک پێش یارییە گرنگەکەی پۆرتوگال بەرامبەر سلۆڤینیا لە یۆرۆی 2024 چاوی پێیکەوت، بەڵام جیاوازییەکەی ئەوەیە کە ئەمجارە منداڵەکە کوردە و خەڵکی دێرکی رۆژئاوای کوردستانە.
 
هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە قۆناخی 16ـی یۆرۆی 2024، کە لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، رووبەڕووی سلۆڤینیا بووەوە و دوای ئەوەی کاتی یاسایی یارییەکە و هەردوو گێمی زیادکرا و بەبێ گۆڵ کۆتاییهاتن، پۆرتوگال بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە یارییەکەی بردەوە و گەیشتە قۆناخی 8ـی پاڵەوانێتییەکە.
 
میدیای ئەڵمانیا ئاشکرایکردووە، رۆناڵدۆ خەونی منداڵێکی سووری بە ناوی ئاوار بەدیهێناوە، کە تووشی شێرپەنجە بووە، و ویستویەتی لە هەر دەرفەتێکدا ئەستێرە پۆرتوگالیەکە ببینێت، پێش ئەوەی ئەو خەونەی لە شاری فرانکفۆرت بێتەدی.
 
مەحموود بەرازی، کە دراوسێی ئەو منداڵەیە، بە تۆڕی میدیایی روودای راگەیاند "ئەو منداڵە کوردە، خەڵکی دێرکە و ناوی ئاوار هۆزانە. بەر لە نزیکەی ساڵێک هاتوونەتە ئەڵمانیا و دەیانەوێت چارەسەری بۆ کوڕەکەیان بکەن".
 
رۆناڵدۆ کاتێک گەیشتە یاریگەی یارییەکە، سڵاوی لەو منداڵە کوردە کرد پێش ئەوەی بەرەو ژووری جلگۆڕین بچێت بۆ ئەوەی خۆی بۆ ئەو رووبەڕووبوونەوەیە گرنگە ئامادە بکات، بەڵام بەڵێنی بە ئاوار و خێزانەکەی دا کە دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە ماوەیەکی درێژتر لەگەڵیاندا بمێنێتەوە.
 
کریستیانۆ دوای ئەوەی یارییەکەی بردەوە، بەڵێنەکەی جێبەجێکرد و ئەو منداڵە کوردە نەخۆشە و خێزانەکەی بینی و ماوەیەکی زیاتر لەگەڵیاندا مایەوە، کە بەقسەی رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی، کریستیانۆ درێسی خۆی بە ئاوار داوە.
 
پزیشکێک لە تیمی چاودێری لە نەخۆشخانەی زانکۆی گیسن، هەفتەی رابردوو لە رێگەی یەکێک لە رادیۆ بەنێوبانگەکانی ئەڵمانیاوە، رایگەیاند، ئاوار لە خێزانێکی پەنابەری سوورییە و خەونی ناسین و بینینی رۆناڵدۆیە لە نزیکەوە.
 
ئاوار و خێزانەکەی لە مانگی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە لە ئەڵمانیان، دوای ئەوەی سووریایان بەجێهێشت بەهیوای وەرگرتنی یارمەتیی پزیشکی، بەڵام ئەو نەخۆشییەی کە ئاوار تووشی بووە، بە تەواوی جەستەیدا بڵاوبووەتەوە و وایکردووە نەتوانێت قسە بکات.
 
میدیای ئەڵمانیا
 
بەشێک لە رۆژنامە و میدیای ئەڵمانیا بایەخیان بەو هەواڵەی ئاوار داوە و نووسیویانە "کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی تۆپی پێ چاوی بە منداڵە نەخۆشەکەی وێتزلار دەکەوێت،
ئاوار تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە. لەگەڵ دایک و باوکی و سێ براکەی لە ئەڵمانیان".
 
هەروەها نووسیویانە "ئەو منداڵە چوار ساڵانەیە، لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا لە سوریاوە هاتووەتە ئەڵمانیا بەهیوای وەرگرتنی چارەسەری، بەڵام پزیشکەکان ناتوانن هیچ بۆ کوڕەکە بکەن. ئێستا ئەو و خێزانەکەی لەلایەن تیمی چاودێری پاڵاتیڤی منداڵانەوە چاودێری دەکرێن".
 
ئەو منداڵە کوردە تۆپی پێی خۆش دەوێت و هاندەرێکی گەورەی رۆناڵدۆیە. دیداری کریس ساتێکی زۆر تایبەت بوو بۆ ئەو منداڵە چوار ساڵانە. ئاوار چەند رۆژێک بوو چاوەڕێی ئەو ساتە بوو. هۆزانی باوکی دووشەممەی رابردوو، چووە فرانکفۆرت و ئاواری لەگەڵ خۆیدا بردە یاریگەی یاریی پۆرتوگال بەرامبەر سلۆڤینیا و خەونی ئاوار هاتەدی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە