کیریۆس لە وێمبڵدۆن کشایەوە

رووداو دیجیتاڵ

نیک کیریۆس، تێنسزانی ئوسترالی، کشانەوەی خۆی لە پاڵەوانێتی تێنسی وێمبڵدۆن راگەیاند، کە ئەمڕۆ دووشەممە رکابەرییەکانی دەستپێدەکەن.
 
ئەم بڕیارەی کیریۆس بەهۆی ئەوەبوو کە لە مەچەکیدا تووشی پێکان بوو.
 
کیریۆس ساڵی رابردوو لە یاریی کۆتایی ئەم پاڵەوانێتییەدا بە نۆڤاک جۆکۆڤیچی تێنسزانی سربی دۆڕا.
 
تێنسزانی ئوسترالی ئەم هەواڵەی لە رێگەی ئەکاونتەکانی لە سۆشیال میدیادا راگەیاند، کە دەڵێت "بەداخەوە کە دەڵێم پێویستە ئەمساڵ لە وێمبڵدۆن بکشێمەوە، لەبەرئەوەی لە کاتی ئامادەکارییەکانم بۆ گەڕانەوەم، لە پاڵەوانێتی مایۆرکادا تووشی هەندێک ئازاربووم لە مەچەکدا. وەک رێوشوێنێکی خۆپارێزی، تیشکی ئێکسم گرت، بەداخەوە دەریخست کە پچڕانێک لە یەکێک لە بەستەرەکانی مەچەکمدا هەیە".
 
ئەو لە پەیامەکەیدا بۆ هەوادارانی، زیاتر دەڵێت "هەموو شتێکم کرد بۆ ئەوەی بتوانم بەشداری بکەم، هەست بە نائومێدی دەکەم کە دەڵێم پێش ویمبڵدۆن کاتێکی زۆرم نەبوو بۆ چاکبوونەوە".
 
بڕیاربوو ئەمڕۆ دووشەممە کیریۆس لە پاڵەوانێتییەکەدا دەست بە یاری بکات و رووبەڕووی دەیڤید گۆفینی یاریزانی بەلجیکی ببێتەوە.