یانەی شورتە راهێنەرێک و 8 یاریزانی کورد دەباتە ریزەکانی

رووداو هەولێر 

یانەی شورتە گرێبەستی لەگەڵ راهێنەر و هەشت یاریزانی کورد بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتیی لەشجوانی یانەکانی عێراق واژۆکرد. 
 
بڕیارە رۆژی 8ـی مانگی داهاتوو کێبرکێکانی پاڵەوانێتیی لەشجوانی عێراق لە شاری کەرکووک بە بەشداری زیاتر لە 30 یانە بەڕێوەبچن، ئەمساڵ یانەی شورتە داراییەکی زۆری بۆ بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکەی تەرخانکردووە.
 
جەمال حەربی، 23 ساڵە راهێنەری لەشجوانییە و سێجار نازناوی پاڵەوانێتی عێراقی بۆ یانەی ئەمانە بەغدا بردووەتەوە، سەرکردایەتی یانەی شورتە دەکات، لە لێدوانێکی تایبەت بە توڕی میدیای رووداو، رایگەیاند "خاوەن یاریزان و پاڵەوانی ئاستبەرزین و دەتوانین هەموو رکابەرەکانمان ببەزێنن و نازناوەکە بۆ یانەی شورتە بەرز بکەینەوە". 
 
لە پاڵەوانێتیی لەشجوانی عێراق، فیدراسیۆنی لەشجوانی عێراق پێکهاتەی هەڵبژاردەی لەشجوانی عێراق بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتیی ئاسیا و عەرەبی دەستنیشاندەکات.
 
فەرهاد عوسمان، پاڵەوانی کورد خاوەن دەسکەوت و ئەزموونێکی زۆر لە پاڵەوانێتی عێراق، دەیەوێت بگەڕێتەوە ریزی هەڵبژاردەی لەشجوانی عێراق، ئەو کە لەسەر ئاستی وڵاتانی ئاسیا خاوەن میدالیای بڕۆنزە، لەبارەی ئامادەکارییەکانی بۆ رووداو، گوتی "ئامادەکارییەکانم زۆر باشە و دەمەوێت ئەمساڵ میدالیایەکی زێڕی نێودەوڵەتی ببەمەوە". 
 
فەرامۆشکردنی یارییە تاکەکان لە لایەن یانەکانی کوردستان وایکردووە بەشێکی زۆری پاڵەوان و ئەستێرە کوردییەکان گرێبەست لەگەڵ یانەکانی بەغدا و باشووری عێراق واژۆ بکەن، ئەم پاڵەوانانەش لە بەشدارینەکردنی تیپێکی کوردی لە پاڵەوانێتی عێراق چوونە ریزی یانەی شورتە. 
 
پێکهاتەی یانەی شورتە بریتین لەم یاریزانە کوردانە : فەرهاد عوسمان، بارزان وەلید، دانا حوسێن، عومەر فەیسەڵ، رێبین سەید جەلال، فازڵ عەباس، یوسف خدر، ئەرسەند بەشیر.