نوێترین لێدوانی سەرۆکی بارسێلۆنا لەبارەی گواستنەوەی یاریزانان


رووداو دیجیتاڵ

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا گرێبەستکردنی یانەکەی لەگەڵ دوو یاریزان رادەگەیێنێت و باس لە گواستنەوەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی و داهاتووی دییۆنگیش دەکات.
 
لاپۆرتا لەلێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا کە لەلایەن میدیای ئیسپانیا بڵاوکراوەتەوە دەڵێت " رۆژی چوارشەممە گرێبەستی فرانک کیسێ رادەگەیێنین و رۆژی پێنجشەممەش گرێبەستی ئاندریاس کریستێنسن.
 
سەرۆکی یانە کەتەلۆنییەکە لەبارەی ئەگەری گواستنەوەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی گوتی " رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی یاریزانی بایرن میونشنە، هەمووان دەزانن یاریزانێکی چەند گەورەیە، ئەو زۆر بە روونی ویستی خۆی بۆ یارییکردن لە بارسێلۆنا پێشانداوە، بەڵام ئێمە رێزی بایرن دەگرین و باشترین بژاردە بۆ ئێمە ئەوەیە بێدەنگی هەڵبژێرین."
 
لەبارەی داهاتووی فرێنکی دییۆنگ، ئەستێرەی هۆڵەندی لەگەڵ یانەکە، لاپۆرتا دەڵێت " جگە لە یانەی مانچێستەر یونایتد یانەی دیکەش داوای دییۆنگ دەکەن، بەڵام ئێمە هیچ نیازێکمان نییە بپ فرۆشتنی ئەو یاریزانە و یاریزانەکە خۆیشی نایەوێت لە یانەکە بڕوات."
 
سەرۆکی بارسێلۆنا زیاتر قسەیکردوو و گوتی " کارەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستی گاڤی لەسەر رێگەی راست دەڕۆن، ئەو یەکێک لەو یاریزانانەیە کە ئێستا و داهاتووی یانەکە دەبێت، ئاراوخۆ، پێدری، فاتی، نیکۆ، ئێریک گارسیا و هەموو ئەمانەش بەهەمان شێوە داهاتووی یانەکە دەبن."
 
بارسێلۆنا هێشتا هیچ گرێبەستێکی نوێی نەکردووە، هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی رافینیای یاریزانی بەرازیلی و یانەی لیدز یونایتد بەردەوامن، خوان لاپۆرتا لەو بارەیەوە دەڵێت " ئەو یاریزانە دەیەوێت لە بارسا یاری بکات و ئێمەش لە کارکردن بەردەوامین."
 
رۆژی دووشەممە یانەی بارسێلۆنا لەژێر سەرپەرشتی چاڤی هێرناندێز ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی نوێ دەستپێدەکات.