ڤیدیۆ؛ ماتادۆرەکان گەیشتنە چوارگۆشەی زێڕینی یۆرۆی 2020

03-07-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئیسپانیا هەڵبژاردەی سویسرا
A+ A-

رووداو دیجیتال

هەڵبژاردەی ئیسپانیا بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە 3 -1 لە سویسرای بردەوە، دوای ئەوەی لە کاتی یاسایی و هەردوو گێمی زیادکراودا بە گۆڵێک یەکسانبوون.

لە یەکەم یاریی قۆناخی هەشتی یۆرۆی 2020ـدا، هەردوو هەڵبژاردەی سویسرا و ئیسپانیا لەسەر ایریگەی گازپرۆم لە سانپێتسبێرگ لە رووسیا رووبەڕووی یەکدی بوونە و دوای یارییەکی ماراتۆنی، بلیتی قۆناخی پێشکۆتایی بووە بەشی ئیسپانییەکان.

لە خولەکی 8 ئیسپانییەکان بوونە خاوەنی گۆڵی یەکەم، بە یارمەتی دینیس زەکەریای یاریزانی سویسرا، کە بە هەڵە گۆڵی لە خۆیان کردەوە و نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی لارۆخا بەو تاکە گۆڵە کۆتاییهات.

لە نیوەی دووەمدا سویسرییەکان سووربوون لەسەر بەدەستهێنانی گۆڵی بەرامبەر، کە شیردان شەقیری لە خولەکی 68 توانی ئەو ئامانجە بپێکێت و ئەنجامەکەی بۆ سویزرلاند یەکسانکردەوە، ئەنجامی یارییەکە وەک خۆی مایەوە تاوەکو ناوبژیوان فیکەی کۆتایی یارییەکەی لێدا، سەرەڕای ئەوەی رێمۆ فرێلەری یاریزانی سویسری لە خولەکی 77 بە کارتی سوور دەرکرا.

هەردوو تیپ پەنایان بردە بەر دوو گێمی زیادکراو، بەڵام ئیسپانییەکان نەیانتوانی سوود لە یاریکردنی سویسرییەکان بە 10 یاریزان وەربگرن و ئەنجامەکە وەک خۆی مایەوە و یارییەکە بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە کۆتاییهات، کە تیایاندا بەخت یاوەری ماتادۆرەکان بوو.

لە لێدانەکانی یەکلاکەرەوەدا، ئیسپانییەکان سێ لێدانیان بەسەرکەوتوویی جێبەجێکرد و سویسرییەکانیش سێیان لەدەستدا، بۆیە بلیتی قۆناخی پێشکۆتایی چووە دەستی ئیسپانییەکان، کە لە چوارگۆشەی زێڕیندا رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئیتالیا دەبنەوە، دوای ئەوەی بە ئەنجامی 2 -1 لە بەلجیکای بردەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە