وێمبڵدۆن و رێگەی پێشبینیکراوی تێنسزانەکان


رووداو - هەولێر

لەلایەن؛ ئەحمەد عەبدولستار

وێمبڵدۆن دەستیپێکرد ،دیسان پاڵەوانیتیە کلاسیکی گراندسلامی تێنس دەکرێت، ئەمساڵ  جياوازه چونكه دوای ماوەیەکی زۆر دووبارە مۆرای، نۆڤاک، نادال و رۆجیر بەشداری یەکێک لە گراندسلامەکان دەکەن پێکەوە، دووبارە رکابەری گەنجەکان دەکەن.

وێمبڵدۆن جیاوازە لە پاڵەوانتیەکانی دیکەی تێنس، چونکە لە خاکی ئینگلیزدا بەڕێوەدەچێت و خۆیان بە دۆزینەوەی تێنس دەزانن وەیاسای تایبەتی بە خۆی هەیە وێمبڵدۆن، هەینی رابردوو تیروپشکی وێمبڵدۆن ڕاکێشرا هەر دوای تیروپشکەکە قسە و باسی زۆرکرا لەسەر رێگەی یاریزانەکان  لەلایەن شرۆڤەکاران و هاندەرانی یاریزانەکان، هەندێک دەلێن رێگەی رۆجیر فێدرێر ئاسانە، هەندێکی دیکە دەلێن رێگەی رافایێل نادال قورسە ،هەندێکیش پێیان وایە  نۆڤاک جۆکۆڤیچ رێگەی ئاسانە، بەڵام ئاستی وەکو پێویست نییە.

سەرەتا ئەوە رێگەی پێشبینیکراوە واتا مە رج نییە هەتا کۆتایی وا بروات، چونکە ئەنجامی چاوەرننەکراوە رووبدات، رێگەی یاریزانەکان دەگۆڕێت، بەڵام وامان دانا بە پێی رێگەی پێشبینیکراو رۆیشت، رێگەی رۆجێر بە هیچ شێوەێک ئاسان نییە، تێنسزانە سویسرییەکە رووبەڕووی (لایۆڤیج بووەوە و لێی بردەوە، دوای ئەوە لاکۆ،  مایەر، بۆرناکۆریچ، کوێری و شلیچ و نادالی دێتە پێش).

ئەگەر سەیری بکەی ئەو یاریزانانەی بەرامبەر فێدێرێر یارییدەکەن هەمووی سیرڤ و ڤۆلیت باشە لە یاریگەی چیمەنیش سێرڤ و ڤۆلیت باش بێت دەتوانێت کێشە بۆ رکابەرەکەی دروستبکات، با لە بیری نەکەین رۆجیر لە قۆناخی چوارەم رووبەڕوی بۆرنا کۆریچ دەبێتەوە، ئەو تێنسزانەی ئەمساڵ لە پاڵەوانێتی هالەدا لە یاریی کۆتایی لە مایسترۆی بردەوە، واتە رێگەی رۆجیر بە هیچ شێوەیەک ئاسان نییە.

سەبارەت بە رێگەی نادال لە وێمبڵدۆن، ئەمساڵ نادال ئەرکی قورسە بە هۆی ئەوەی بەریزبەندی دووەم بەشداریی وێمبڵدون دەکات و رووبەڕووی (دۆدی سێلا، کۆکۆشکین، چیکیناتۆ، فابیۆ فۆنینی ،مۆرای، نۆڤاک جۆکۆڤیچ، رۆجیر فێدرێر) دەبێتەوە، بەڵام ئێمە دەزانین کێشەی نادال لە وێمبڵدۆن یاریزانی گەورە نییە، بەڵکو یاریزانە بچووکەکان كێشە بۆ نادال دروست دەکەن، ئەگەر سەیری ئەنجامەکانی وەرزەکانی رابردووی نادال بکەین، ماتادۆر لە دوای 2011 تاوەکو 2017 لە قۆناخی چوار زیاتر ناڕۆیشتووە، ئەمەش ئەوە دەردەخات نادال لەسەر چیمەن ئەنجامی وەکو پێویست نییە لەم ساڵانەی کۆتاییدا.

دەربارەی رێگەی نۆڤاک جۆکۆڤیچ لە پاڵەوانێتییەکەدا، زۆربەی رکابەرەکانی نۆڤاک گەنجن و ئاستیان زۆر بەرزە، چونکە نۆڤاک بەرامبەر (سانگرین، زیبایۆس، ئیدمۆند، تیم، زڤێرێڤ، نادال و رۆجێر)یارییدەکات، بۆیە ئەرکی نۆڤاک زۆر قورسە و تاقیکردنەوەی راستەقینەیە بۆ نۆڤاک بۆئەوەی دووبارە بگەڕێتەوە ناوگەورەکان، بەڵام زۆر زەحمەتە نۆڤاک سەرکەوتوو بێت.

لێردا دەمەوێ باسی یاریزانێک بکەم  کە ساڵی رابردوو لە یاری کۆتایی وێمبڵدۆندا زۆر بەزحمەت بە رۆجیر فێدرێر دۆرا، ئەمساڵیش لە پاڵەوانێتی کوینز کە لە یاریگای چیمەن ئەنجامدەدرێ لەیاری کۆتایی لە نۆڤاکی بردووە و بەریزبەندی سێیەم بەشداریی لە وێمبڵدۆندا کردووە، ئەو تێنسزانە مارین شیلیچی کرواتییە، مارین رێگەی لە وێمبڵدۆندا ئاسان بێت یان قورس ئەو یاریزانە بۆ نازناوەکە هاتووە، چونکە شێوازی یارییکردنی، مارین شیلیچ بۆ یاریگەی چیمەن زۆر گونجاوە، سێرڤی یەکەمی زۆر چالاکە و ڤۆلی زۆر باشە کە یارمەتیەکی زۆر گەورەی دەدات لە وێمبڵدۆن، بۆیەش پێم وایە دوای فێدێرێر پاڵێوراوی سەرەکییە بۆ بردنەوەی نازناوەکە.

ئەمساڵ هەموو هاندەران چاوەڕێی وێمبڵدۆنێکی جیاواز و پڕ رکابەری دەکەن، هیوادارم وەکو ساڵی رابردوو چیمەنی یاریگەکان خراپ نەبێت کە بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆری یاریزانان تووشی پێکان بن.