رووداو دیجیتاڵ
یانەی نەسڕی سعودی، هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی هاوڕێیەکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ چڕکردووەتەوە و دەیەوێت لە گواستنەوەی هاوینەدا بیباتە ریزەکانی.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی بەرازیل و سعودیە، یانەی نەسڕی سعودی دەیەوێت لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا گرێبەست لەگەڵ کاسێمیرۆ، ناوەڕاستکاری یانەی مانچێستەر یونایتد واژۆ بکات، بۆ ئەوەی بۆ وەرزی داهاتوو تیپێکی بەهێزتری هەبێت.
ماڵپەری کۆت ئۆفساید نووسیوویەتی "یانەی نەسڕ ئامادەیە 90 بۆ 100 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە خەرج بکات.
کاسێمیرۆ پێشەنگی ئەو یاریزانانەیە کە لەم هاوینەدا نەسڕ رکابەری لەسەر گواستنەوەیان دەکات، بەتایبەت کە یانەکە بڕیارییداوە بۆ وەرزی نوێ چەند گۆڕانکارییەک لە تیپەکەیدا بکات و دەستبەرداری چەند یاریزانێکی ببێت.
جگە لە یانەی نەسڕ، یانەی قادسییە کە وەرزی داهاتوو لە خولی سعودی یاریی دەکات و ئەهلی رکابەری لەسەر گواستنەوەی ئەو یاریزانە دەکەن، بەڵام زەحمەتە یاریزانەکە بچێتە ئەو دوو یانەیە.
کاسێمیرۆی 32 ساڵ، پێشتر لە ریال مەدرید و مانچێستەر یونایتد هاوشانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ یارییکردووە، لە ئەگەری چوونی بۆ نەسڕ، بۆ جاری سێیەم هەردوو ئەستێرە پۆرتوگالی و بەرازیلییەکە بەیەکەوە دەبن، بەڵام ئەمجارە لە دەرەوەی ئەوروپا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ