لە تورکیا پێشوازییەکی شاهانە لە مۆرینیۆ دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری بەنێوبانگی پۆرتوگالی دەڵێت "وەرگرتنی راهێنەرایەتی یانەی فێنارباخچەی تورکی بەرپرسیارەتییەکی گەورەیە و دەمەوێت بەبردنەوەی یارییەکان خۆشەویستییەکەم زیاتر بکەم."
 
مۆرینیۆ چووە ئیستەنبوڵ و لە یاریگەی شوکرۆ ساراج ئوگلۆ، لەلایەن هەزاران هاندەری یانەی فێنارباخچەوە وەکو راهێنەری نوێی یانەکە پێشوازییەکی سەرنجڕاکێش و گەورەی لێکرا.
 
جۆزێ ئەمە یەکەم دەرکەوتنی دەبێت وەکو راهێنەر، لە دوای ئەوەی لە مانگی یەکی ئەمساڵ لە یانەی رۆمای ئیتاڵی رۆیشت.
 
مۆرینیۆ چووە نێو یاریگە، دەنگی هاندەرانی فێنارباخچە بەرزبووەوە و هەمووان بەخێرهاتنی ئەو راهێنەرە بەنێوبانگە بۆ یانەکەیان دەکەن.
 
راهێنەرە بەنێوبانگە پۆرتوگالییەکە بە یاریگەدا گەڕا و سڵاوی لە هاندەرانی یانە تورکییەکە کرد، دوای ئەوەش لەنێو یاریگەدا واژۆی لەسەر گرێبەستەکەی لەگەڵ فێنارباخچە کرد و بەفەرمی بووە راهێنەری ئەو یانەیە.
 
جۆزێ مۆرینیۆ دوای وەرگرتنی راهێنەرایەتیی یانەکە لەبەردەم هاندەراندا گوتی "دەمەوێت سوپاسی ئەو خۆشەویستییەتان بکەم کە لە یەکەم خولەکی هاتنم بۆ ئێرە پێشانتانداوە، ئەمە وادەکات بەر لە بردنەوە هەست بە خۆشەویستی بکەم و پێموابێت کە راهێنەرێکی خۆشەویستم، بۆیە دەمەوێت بەبردنەوەی یارییەکان خۆم خۆشەویستر بکەم."
 
مۆرینیۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "ئەمە بەرپرسیارەتییەکی گەورەیە بۆ من، لە ئێستاوە هەست بە پاڵپشتی ئێوە دەکەم، من لە ماڵباتەکەی ئێوەم و ئەم درێسە بەشێکە لە من."

 
راهێنەری نوێی فێنارباخچە دەڵێت "لەو رۆژەی عەلی کۆچم ناسی، ویستم لەگەڵ یانەکە کاربکەم، چونکە رۆحی تۆپی پێی تێدایە، لەو کاتەوەی بیرم لە پڕۆژەکە کردەوە ویستم ببمە راهێنەری هەمووتان."
 
جۆزێ مۆرینیۆ لەبەردەم هاندەرانی فێنارباخچە گوتی "من لە تۆپی پێی تورکیادا کارم نەکردووە، لە خولی تورکیا کارم نەکردووە، هاوکاریم نەکردوون بۆ پێشکەوتن، گرنگترین شت بۆ من فێنارباخچەیە."

 
مۆرینیۆ لە کۆتایی قسەکانیدا دووپاتیکردەوە، لەو کاتەوەی واژۆی لەسەر گرێبەستەکەی کردووە، خەونی هاندەرانی یانەکە خەونی ئەون.
 
جۆزێ مۆرینیۆ، ئەزموونێکی گەورەی لە کاری راهێنەرایەتیدا هەیە و بەوە ناسراوە هەمیشە حەزی لە تاقیکردنەوەی ئاڵنگاری نوێیە، پێشتر لە خولەکانی پۆرتوگال، ئینگلتەرا، ئیسپانیا و ئیتاڵیا کاریکردووە و ئەزموونی نوێی لە خولی تورکیا دەبێت.