ریال مەدرید گرێبەستی ئێمباپێی راگەیاند

03-06-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بەشێوەیەکی فەرمی کۆتایی بە چاوەڕوانیی چەندین ساڵەی هاندەرانی هێنا و گرێبەستکردنی لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ ئەستێرەی فەرەنسی و پێشووی یانەی پاریس سانجێرمان راگەیاند.
 
ریال مەدرید لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا گواستنەوەی کیلیانی بۆ یانەکەی راگەیاند و گرێبەستەکەی بۆ ماوەی پێنج ساڵ دەبێت.
 
ئێمباپێ لەبارەی پەیوەندیکردنی بە یانەی ریال مەدریدەوە دەڵێت: خەونەکە بووە راستی، زۆر دڵخۆشم کە دەبمە بەشێک لە یانەی ریال مەدرید، هیچ هەستێک ناتوانێت وەسفی دڵخۆشییەکەم بکات، بۆ پەیوەندیکردنم بە یانەی خەونەکانم.
 
دوای پەیوەندیکردنی یاریزانەکە بە یانەی ریال مەدریدەوە، یاریزانانی یانەی شاهانە و بەشێکی ئەستێرەکانی ئەو یانەیە بەخێرهاتنی یاریزانەکەیان کرد بۆ یانەی ریال مەدرید.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، گۆڵکاری مێژوویی یانەی ریال مەدرید لە پەیامێکدا بۆ ئێمباپێ نووسیوویەتی "کاتی ئەوەیە سەیرت بکەم، کە بێرنابیۆ رووناک دەکەیتەوە، هەلا مەدرید."
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، بەهۆی کیلیان ئێمباپێ، بێبەرامبەر پەیوەندی بە ریزەکانی یانەکەوە دەکات، ریال مەدرید 100 ملیۆن یۆرۆ وەکو پاداشت دەداتە یاریزانە فەرەنسییەکە.
 
کیلیان ئێمباپێ، ماوەی 7 وەرز لە یانەی پاریس سانجێرمان یارییکرد، لە هاوینی 2022 یانەی ریال مەدرید زۆر هەوڵی گواستنەوەی دەدا، بەڵام ئەو گرێبەستەکەی لە یانە فەرەنسییەکە نوێکردەوە.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێت "ئەو کاتە ئێمباپێ بە فلۆرێنتینۆ پێرێزی گوتبوو، با پەیوەندییەکەمان لەسەر بنەمای رێزگرتن بەردەوامبێت و دەمەوێت لە داهاتوودا پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە بکەم."
 
بەر لە کۆتاییهاتنی رکابەرییەکانی وەرزی 2023-2024 کیلیان ئێمباپێ رایگەیاند لە کۆتایی وەرزدا لە یانەی پاریس سانجێرمان دەڕوات، ئەزموونێکی نوێ لە یانەیەکی نوێ لە دەرەوەی فەرەنسا تاقیدەکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە