رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی فەرەنسا، لیستی یاریزانەکانی بۆ یارییەکانی ئۆڵیمپیادی 2024ـی پاریس راگەیاند، ناوی کیلیان ئێمباپێ لە لیستەکەدا نییە.
تێری هێنری، راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی فەرەنسا، لیستی یاریزانەکانی بۆ ئۆڵیمپیاد راگەیاند، ئەلیکساندەر لاکازێت، هێرشبەری یانەی لیۆنی فەرەنسی، میشێل ئۆلیسی، ئەستێرەی یانەی کریستال پاڵاسی ئینگلیزی و فیلیپ متێتا، هێرشبەری هەمان یانە دیارترین یاریزانی نێو لیستی هەڵبژاردەکەن بۆ بەشداریکردن لەو رکابەرییە گەورەیەدا.
راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی فەرەنسا، لەبارەی بەشداریکردنی کیلیان ئێمباپێ لە ئۆڵیمپیاددا گوتی "لەگەڵ کەسێک لە ریال مەدرید قسەی کردووە و ئەو کەسە زۆر بەڕاشکاوی رای خۆی پێگوتووە، بەڵام نەیگوت کە چی پێگوتراوە."
هێنری دەڵێت "لەسەر ئاستی فەرمی تاوەکو ئێستا گفتوگۆ لەبارەی بانگهێشتکردنی ئێمباپێ و بەشداریکردنی لە ئۆڵیمپیاددا لەگەڵ ریال مەدرید نەکراوە، هەر کە پرسیار دەکەیت ئەوان بە نەخێر وەڵامت دەدەنەوە."
لە ماوەی رابردوودا ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا زیاتر لە جارێک رایگەیاند، کار لەگەڵ ریال مەدرید دەکەن بۆ ئەوەی رێگە بە ئێمباپێ بدەن بەشداری لە ئۆڵیمپیاددا بکات، بۆ ئەوەش فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید لە پاریس چووە کۆشکی ئێلیزێ و لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا کۆبووەوە، بەڵام هێشتا روون نییە یاریزانەکە بەشداری دەکات یان نا.
ئێمباپێ لەبارەی بەشداریکردنی لە ئۆڵیمپیاددا گوتبووی "بڕیارەکە بەدەست من نییە، بەڕێوەچوونی ئۆڵیمپیاد لە پاریس زۆر تایبەت و گرنگە، بابزانین چی روودەدات و هەرکاتێک زیاتر لەلام روونبووەوە دەتوانم قسەی زیاتر لەو بارەیەوە بکەم."
تێری هێنری لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "هێشتا یاریزانێکی سەرووی 23 ساڵی ماوە بۆ ئەوەی ناوی لە لیستی یاریزانەکانیدا زیادبکات."
بەمەش هێنری و هەموو فەرەنسا چاوەڕێی ریال مەدرید دەکەن، بۆ ئەوەی رەزامەندی لەسەر بەشداریکردنی کیلیان لە ئۆڵیمپیاددا بدات.
یارییەکانی تۆپی پێ لە ئۆڵیمپیادی 2024 لە 24-7 دەستپێدەکەن و تاوەکو 10-8 بەردەوامدەبن، فەرەنسا لە کۆمەڵەی یەکەمدا بەرامبەر ئەمریکا، غینیا و نیوزیلەندا یاریی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ