ئیبراهیمۆڤیچ: وازناهێنم، مۆنزا چاوەڕێمە


رووداو دیجیتاڵ

زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ، ئەستێرەی یانەی میلانی ئیتاڵی، ئەگەر وازهێنانی لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا لە یاریکردن، دوورخستەوە.
 
ئیبرا گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی میلان لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا کۆتایی دێت و پێشبینی ناکرێت ئەو یانەیە گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.
 
ئیبرا لە وەرزی ئەمساڵدا تەنیا چوار یاریی بۆ میلان ئەنجامداوە و تەنیا یەک گۆڵیشی بۆ یانەکە تۆمارکردووە.
 
ئیبرا لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە وازهێنانی یەکجاریی دەکەن لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا دەڵێ، بەهیچ شێوەیەک بیر لە وازهێنانی یەکجاریی ناکەمەوە.
 
زڵاتانی 41 ساڵ بە 'سکای سپۆرت ئیتاڵیا'ی گوتووە، "پێموانییە لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا بەیەکجاری واز لە یارییکردن بهێنم، بەڵام دەبێ هەندێک هاوسەنگیی بدۆزمەوە".
 
ئەو زیاتر گوتوویەتی، "یانەی مۆنزا کە یەکێکبوو لە سوپرایزەکانی وەرزی ئەمساڵی خولی ئیتاڵیا، پێیانڕاگەیاندم کە گرێبەستیان بۆ ئامادەکردووم و چاوەڕێی وەڵامی من دەکەن".
 
ئیبرا وێڕای ئەوەش دەڵێ، "بەڵام من تاوەکو ئێستا یاریزانی میلانم و شانازیش بەوەوە دەکەم، ناتوانم لەبارەی هیچ یانەیەکی دیکەوە قسە بکەم، بابزانین لە داهاتوودا چی روودەدات".
 
ئیبرا وەرزی رابردوو کە بۆ دووەمجار بۆ میلان یارییکردن پاشئەوەی لە 2020دا گەڕایەوە ئەو یانەیە، رۆڵی بەرچاوی هەبوو لە بەدەستهێنانی نازناوی خولی ئیتاڵیا لەلایەن ئەو یانەیەوە.