پێپ گواردیۆلا: من هاوڕێی تێن هاگ نیم

رووداو دیجیتاڵ

 

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی رایگەیاند، دەبێت هەموو هەوڵێک بدەن بۆ ئەوەی بتوانن لە مانچێستەر یونایتد ببەنەوە و گوتی "ئێریک تێن هاگ، پێموایە پیاوێکە لەنێو یاریگە و دەرەوەی یاریگەدا وەک راهێنەرێک بە باشترین شێوە نوێنەرایەتی پیشەکەمان دەکات".
 
ئەمڕۆ کاژێر 17:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لەسەر یاریگەی وێمبلی لە لەندەن، یاریی کۆتایی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا لە نێوان مانچێستەر سیتی و مانچێستەر یونایتد بەڕێوەدەچێت.
 
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی پێش یارییەکەدا قسەی بۆ میدیاکان کرد و سەرەتا سەبارەت بە یارییەکە گوتی "ئەم یارییەمان یارییەکی تۆپی پێیە. یاریی کۆتاییە، ئایا ئەو ساتە چۆن دەبێت، 90 خولەکەکە. ئەوە نییە کە لە رابردوودا کردووتە، چەند باشیت یان چەند باش نیت. لەسەر چۆنێتی ئەنجامدانی ئاستی تاکەکەسی و تیپەکە و هەموو وردەکارییەکان لەو 90 یان 95 خولەکەدا دەوەستێت". 
 
ئەو لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "یاریی کۆتایی ئەوەیە. گرنگ نییە لە رابردوودا یان ساڵانێک لەمەوبەر لە یەک یارییدا چیمان کردووە. لە پرێمەرلیگ ئێمە لەوان باشتر بووین، نەک ئەم وەرزە، چەندین ساڵ، بۆیە یەک یاری یەک یارییە. لەبەرئەوە دەبێت هەموو هەوڵێک بدەین و بە هەموو توانامانەوە بین بۆ ئەوەی لێیان ببەینەوە".
 
پێپ گواردیۆلا، سەبارەت بە ئێریک تێن هاگی راهێنەری مانچێستەر یونایتدیش قسەی کرد و لەبارەیەوە گوتی "کاتێک تیپەکەت باشتر و باشتر و باشتر و باشتر دەبینیت، لە وەرزی یەکەمی پرێمەرلیگدا ئاسان نییە. پێموایە پیاوێکە لەنێو یاریگە و دەرەوەی یاریگەدا وەک راهێنەرێک بە باشترین شێوە نوێنەرایەتی پیشەکەمان دەکات. ناتوانم بڵێم هاوڕێین، چونکە زۆر پەیوەندیمان نییە. بۆیە ئێمە ئەزموونێکی کورتمان هەیە لە میونشن بەڵام لەوە زیاتر نییە. بەڵام من بەڕاستی، راستگۆیانە، پێموایە کە مان یونایتد بۆ ساڵانێکی زۆر راهێنەرێکی ناوازەی دەبێت".