ڤیدیۆ؛ لێدوانی تێن هاگ لەسەر یاریی کۆتایی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا

03-06-2023
ئیحسان تاهیر
ئێریک تێن هاگ
ئێریک تێن هاگ
نیشانەکردن ئێریک تێن هاگ مانچێستەر سیتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد، دووپاتیکردەوە کە ئەوان وەرزێکی باشیان پێشکێشکردووە و دەشڵێت "دەمانەوێت بە بردنەوە لە مانچێستەر سیتی وەرزەکەمان جوانتر بکەین".
 
ئەمڕۆ کاژێر 17:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لەسەر یاریگەی وێمبلی لە لەندەن، یاریی کۆتایی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا لە نێوان مانچێستەر سیتی و مانچێستەر یونایتد بەڕێوەدەچێت.
 
ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی پێش یارییەکەدا قسەی بۆ میدیاکان کرد و گوتی "پێموایە یەک دوو رۆژ دوای یارییەکە دۆخەکە ئاسایی دەبێت و دواتر دەچینە پشووی هاوینە. پێموایە وەرزێکی باشمان بەسەربردووە، بەڵام دەرفەتێکی زۆر باشمان هەیە بۆ ئەوەی ئەم وەرزە جوانتر بکەین".
 
راهێنەرە هۆڵەندییەکەی مان یونایتد، زیاتر گوتی "ئێمە دەمانەوێت جامەکە بەدەستبهێنین، کارەکە پەیوەندی بە بێبەشکردنی مانچێستەر سیتی لە بردنەوەی 3 نازناوەوە نییە، قسە لەسەر بردنەوەی جامە، ئێمە لێرە دەرفەتێکی گەورەمان هەیە".
 
سەبارەت بە مانچێستەر سیتی، راهێنەری مانچێستەر یونایتد، گوتی "پێموایە ئەوان کاری زۆر باش دەکەن، یارییەکی زۆر باش دەکەن، شایەنی پێداهەڵگوتنن، بەڵام من سەیری ئەوانی دیکە ناکەم و هەڵسەنگاندنیان بۆ ناکەم لەبەرئەوەی رکابەرمانن، ئێمە سەیری خۆمان دەکەین. و دەبێت بزانیت گەیشتووی بە کوێ وەک یانەیەک و ئەو پێشکەوتنەی بەدەستتهێناوە". 
 
ئەو زیاتر گوتی "پێموایە ئێمە لە وەرزی رابردوودا پێشکەوتنمان بەدەستهێناوە، بە ئاراستەیەکی باشدا دەڕۆین، ئێستا دەرفەتمان هەیە لە پشووی هاویندا ئامانجی دیکە دابنێین، ئامانجی نوێی کورتخایەن. وەک ساڵی رابردوو گوتم دەمانەوێت مانچێستەر یونایتد بگەڕێنینەوە لووتکە، لەو پێناوەدا رێگەیەک هەیە دەبێت بگرینەبەر".
 
تێن هاگ، لە کۆتاییدا، سەبارەت بە وەرزەکەیان گوتی "پێموایە وەرزەکە زۆر باش بوو، لە خولێکی سەختی وەک پرێمەرلیگدا پلەی سێیەم بەدەستبهێنی، جامی کارباوکەپ بەدەستبهێنیت و بگەیتە یاریی کۆتایی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا، ئەوە وادەکات زۆر دڵخۆش بم بە وەرزەکە، بەڵام دەزانم کە دوای پشووی هاوینە، دەبێت لە سفرەوە دەستپێبکەینەوە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە