کڤارا خەون بە ریال مەدریدەوە دەبینێت

 
رووداو دیجیتاڵ
 
باوکی خڤیچا کڤاراتسخێلیا، ئەستێرەی یانەی ناپۆلی ئیتاڵی، ئاشکرایکرد کوڕەکەی خەون بەوەوە دەبینێت رۆژێک لە رۆژان درێسی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بپۆشێت.
 
کڤارا لە یەکەم وەرزی یارییکردنی لەگەڵ ناپۆلی، نازناوی خولی ئیتاڵیای لەگەڵ ناپۆلی بەدەستهێنا و بەباشترین یاریزانی وەرزی ئەمساڵی خولی ئیتاڵیاش دەستنیشانکرا.
 
پادری، باوکی کڤارا لە کتێبێکدا بەناوی 'کڤارادۆنا.. پەرجووە جۆرجییەکە' لەبارەی خەونی کوڕەکەیەوە دەڵێ، "بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ و یارییکردن بۆ ریال مەدرید، هەروەها گەیشتن بە پاڵەوانێتییە گەورەکان لەگەڵ جۆرجیا، خەونی کڤاران".
 
باوکی کڤارا وێڕای باسکردنی ئەو خەونە درێژخایەنەی کوڕەکەی دەڵێ، "بۆ ئێستا، ئەو تەنیا بیر لە یاریی داهاتوو دەکاتەوە، بیر لە ریال مەدرید ناکاتەوە و ئەوەی لە مێشکیدایە، تەنیا ناپۆلییە".
 
هاوینی رابردوو ناپۆلی بەبڕی 11،5 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستی لەگەڵ کڤارادا کرد، بەڵام بەهۆی تەقینەوەی تواناکانی و ئاستەبەرزەکەی، ئێستا نرخی ئەو یاریزانە 100 ملیۆن یۆرۆیە.
 
کڤارای 22 ساڵان، گرێبەستەکەی لەگەڵ ناپۆلی تاوەکو ساڵی 2027ە و یانەکەی دەیەوێت بەدووقاتکردنی مووچەکەی، گرێبەستەکەی بۆ چەند ساڵێکی دیکە نوێبکاتەوە.