ڤیدیۆ؛ رۆناڵدۆ: لە نەسڕ ناڕۆم و خولی سعودیە دەبێتە یەکێک لە باشترینەکانی جیهان

03-06-2023
ئیحسان تاهیر
کریستیانۆ رۆناڵدۆ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ
نیشانەکردن مانچێستەر یونایتد، کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی،  لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا، دووپاتیکردەوە کە دڵخۆشە لە سعودیە و بەدڵنیاییەوە لەگەڵ یانەکەی بەردەوام دەبێت. دووپاتیشیکردەوە کە دڵخۆش دەبێت ئەگەر کەریم بنزیمای هاوڕێی بچێتە خولی سعودیە.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، گوتی "من لێرە دڵخۆشم، دەمەوێت لێرە بەردەوام بم، لێرە بەردەوام دەبم. بە بۆچوونی من ئەگەر بەردەوام بن لە ئەنجامدانی ئەو کارانەی کە دەیانەوێت لێرە بیکەن، لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا،خولی سعودیە دەتوانێت لەنێوان پێنج باشترین خولە گەورەکانی جیهاندا بێت".
 
سەبارەت بە هاتنی یاریزانە گەورەکانی وەک کەریم بنزیما بۆ خولی رۆشنی سعودی؟ رۆناڵدۆ گوتی "یاریزانە گەورەکان ئەگەر بێن، ناوە گەورەکان، چ یاریزانە گەنجەکان، چ یاریزانە بەتەمەنەکان، زۆرترین پێشوازییان لێدەکرێت، چونکە ئەگەر ئەوە رووبدات خولەکە باشتر دەبێت، تەمەن گرنگ نییە".
 
خاوەنی 5 باڵۆن دۆر، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتی "پێشبینی ئەوەم دەکرد ئەمساڵ شتێک ببەمەوە، بەڵام هەمیشە شتەکان بەو شێوەیە ناڕۆن کە ئێمە بیری لێدەکەینەوە، یان بەو شێوەیەی کە ئێمە دەمانەوێت، هەندێکجار پێویستیمان بە ئارامی و یەکگرتوویی و کۆڵنەدان هەیە بۆ بەدەستهێنانی باشترین شتەکان".
 
ئەو زیاتر گوتی "تیپەکەمان زۆر پەرەیسەندووە، با بڵێین لە پێنج شەش مانگی رابردوودا. پێموایە تیپەکە زۆر باشتر بووە و تەنانەت خولەکەش. هەموو تیپەکان باشتربوون و تیپەکەشمان. هەندێکجار گەیشتن بە ئامانج هەندێک کاتی پێویستە، بەڵام ئەگەر ئامانجی خۆت دیاربێت، ئەوا پێموایە هەموو شتێک دەکرێت".
 
سەبارەت بە پێشبینییەکانی بۆ ساڵی داهاتوو، کریس بە گەشبینییەوە قسەی کرد و گوتی "ساڵی داهاتوو هیوادارم و دڵنیام کە شتەکان دەگۆڕدرێن، و ئێمە بەشێوەیەکی باشتر دەردەکەوین. بۆیە، با باوەڕمان بەو شتە هەبێت و کار لەسەری بکەین".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە