​گواستنەوەی یاریزانان.. مێسی، رامۆس و هاری کەین بەرەو کوێ؟

03-06-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن گواستنەوەی یاریزانان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کردنەوەی دەرگای گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان تادێت نزیکتر دەبێتەوە، دەنگۆی گواستنەوەی چەند یاریزانێک بەر لەوەی ماوەی گواستنەوە دەستپێبکات جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە.
 
داهاتووی لیۆنێل مێسی، سێرخیۆ رامۆس، کەریم بنزیما، هاری کەین و چەندین ئەستێرەی دیکە گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت و هێشتا هیچیان بەتەواوی روون نییە کە داهاتوویان لە کوێ دەبێت.
 
 
لیۆنێل مێسی
 
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی دەڵێت "یانەی هیلالی سعودی ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی رۆژی سێشەممە گرێبەستکردنی لەگەڵ لیۆنێل مێسی رابگەیێنێت، بەڵام چەند سەرچاوەیەک ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن هەمان رۆژ دەستەی بەڕێوەبردنی لالیگا رەزامەندی لەسەر پلانی بارسا دەدات و یانەکە دەتوانێت گرێبەست لەگەڵ مێسی بکات."
 
هاری کەین
 
یانە ریال مەدرید گواستنەوەی هاری کەینی کردووەتە ئامانجی یەکەمی گواستنەوەی ئەم هاوینە و یانەکە چاوەڕێی وەڵامی کەریم بنزیما، ئەستێرەی فەرەنسی دەکات بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی خۆی بدات، رۆژنامەی ئەی ئێس دەڵێت "تۆتێنهام دەرگای بەڕووی ریال مەدریددا دانەخستووە و یاریزانەکەش دەیەوێت بچێتە ئەو یانەیە."
 
سێرخیۆ رامۆس
 
ئەمشەو سێرخیۆ رامۆس، ماڵئاوایی لە یانەی پاریس سانجێرمان و هاندەرانی یانەکە دەکات، بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان داهاتووی یاریزانەکە لە سعودیە دەبێت، یانەی هیلال و نەسڕ رکابەری لەسەر گواستنەوەی یاریزانەکە دەکەن و چاوەڕواندەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ ماڵباتەکەی ئەو یاریزانە بڕیاری کۆتایی بدات.
 
مەیسن ماونت
 
یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی هەنگاوەکانی بەفەرمی بۆ گواستنەوەی مەیسن ماونت، یاریزانی ئینگلیزی و یانەی چێڵسی دەستپێکردووە، کە بە ئەگەری زۆرەوە یاریزانەکە لە یانەکە دەڕوات، بۆ گواستنەوەی یاریزانەکەش رکابەری یانەی لیڤەرپوول دەکات.
 
رۆژنامەی تایمزی بەریتانی دەڵێت "چێڵسی سێ دەستەوارەی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی پێشکێشی ماونت کردووە، بەڵام یاریزانەکە رەتیکردووەتە لەگەڵ یانەکە بەردەوامبێت."
 
دۆمینیک سوبۆزلای
 
یانەی نیوکاسل یونایتدی ئینگلیزی لە گواستنەوەی ئەستێرەیەکی خولی ئەڵمانیا نزیکبووەتەوە و چاوەڕواندەکرێت دۆمینیک سوبۆزلای بباتە ریزەکانی.
 
میدیای بەریتانیا دەڵێت "یاریزانەکە بەرامبەر 70 ملیۆن یۆرۆ لە لایپزیگەوە پەیوەندی بە نیوکاسل یونایتدەوە دەکات و چاوەڕواندەکرێت چەند کاژێری داهاتوو کارەکانی گرێبەستەکە تەواوبکرێن."
 
سێرج نابری
 
یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی دەیەوێت دەستبەرداری سێرج نابری، یاریزانی ئەڵمانیی یانەکە ببێت، رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی دەڵێت "چاڤی هێرناندێز سەرسامە بەتواناکانی ئەو یاریزانە و دەیەوێت پەیوەندی بە بارسێلۆناوە بکات."
 
گرانیت شاکا و ماتیۆ کۆڤاچیچ
 
یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی بەدوای یاریزانێکدا دەگەڕێت بۆ پڕکردنەوەی شوێنی جۆشوا کیمیچ کە ئەگەری هەیە لە گواستنەوەی هاوینەدا لە یانەکە بڕوات، بۆ ئەوەش چاوی لە تواناکانی هەریەکە لە گرانیت شاکا، یاریزانی یانەی ئارسیناڵ و ماتیۆ کۆڤاچیچ، یاریزانی یانەی چێڵسییە، کە بۆ ئەوەی دوایینیان رکابەری یانەی مانچێستەر سیتی دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە