ریال مەدرید ماڵئاوایی لە ئاسێنسیۆ دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەشێوەیەکی فەرمی رۆیشتنی مارکۆ ئاسێنسیۆ، یاریزانی ئیسپانیی یانەکەی راگەیاند.
 
ریال مەدرید لە راگەیێنراویکی فەرمیدا نووسیوویەتی "ریال مەدرید سوپاس و سۆز و خۆشەویستیی خۆی بۆ مارکۆ ئاسێنسیۆ دەردەبڕێت، ئەو یاریزانەی بۆ ماوەی 7 وەرز بەرگریی دروشم و درێسی یانەکە کرد."
 
لە راگەیێنراوی یانە ئیسپانییەکەدا هاتووە "ئەو کاتەی ئاسێنسیۆ پەیوەندیی بە یانەکەوە کرد تەمەنی تەنیا 20 ساڵ بوو و توانیی بچێتە نێو مێژووی یانەکەمانەوە، وەک بەشێک لە تیپێک کە لە یەکێک لە قۆناخەکانی سەرکەوتنی ئێمەدا رۆڵی سەرەکیی بینیووە."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەیدا ریال مەدرید ئاماژەی بۆ دەستکەوتەکانی ئەو یاریزانە کردووە و دەڵێت "مارکۆ ئاسێنسیۆ 17 نازناوی لەگەڵ ریال مەدرید بەدەستهێنا، سێ نازناوی لالیگا، نازناوێکی جامی شای ئیسپانیا، دوو نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا، سێ نازناوی چامپیۆنزلیگ، سێ نازناوی جامی سوپەری ئەوروپا، چوار نازناوی جامی جیهانی یانەکان.
 
یانەی شاهانە لە کۆتایی پەیامەکەیدا بۆ ئاسێنسیۆ نووسیوویەتی "مەدریدێستا هەرگیز کاروان و مامەڵە جوانەکانت لەبیر ناکات، ریال مەدرید بۆ هەمیشە ماڵی تۆیە و هیوای سەرکەوتن بۆ خۆت و ماڵباتەکەت دەخوازین لە قۆناخی نوێدا."
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، مارکۆ ئاسێنسیۆ دەچێتە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و تاوەکو ساڵی 2027 پەیوەندی بە یانەکەوە دەکات.