ڤیدیۆ؛ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ دەکرێت و بارسێلۆنا دەیەوێت ببێتە پاڵەوان

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەوەی پیاوەکانیان پێیان نەکرا، خانمەکانیان کردیان، یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی لەسەر ئاستی خانمان لە یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپایە.
 
ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 17:00 بەکاتی باشووری کوردستان، هەردوو یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی و ڤۆڵفسبۆرگی ئەڵمانی لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، یارییەکە لە یاریگەی فیلیپس لە شاری ئایندهۆڤنی هۆڵەندی بەڕێوەدەچێت.
 
بارسێلۆنا پاڵەوانی لالیگایە و دەیەوێت بۆ جاری دووەم نازناوی چامپیۆنزلیگ بباتەوە، لەکاتێکدا یانەکە سێیەم وەرزی لەسەریەک دەگاتە یاریی کۆتایی، بەڵام وەرزی رابردوو نازناوەکەی بەرامبەر یانەی لیۆنی فەرەنسی لەدەستدا.
 
یانەی ڤۆڵفسبۆرگی ئەڵمانی، لەسەر ئاستی خانمانی تیپێکی رێکخراو و بەهێزە، یانەکە خاوەنی دوو نازناوی چامپیۆنزلیگە کە لە 2013 و 2014 لەسەریەک نازناوەکەی بردەوە.
 
 
یانە ئەڵمانییەکە لە دوای بردنەوەی دوو نازناوەکەی سێ یاریی کۆتایی دۆڕاندووە و ئەمڕۆ نایەوێت جارێکی دیکە هەلی بردنەوەی نازناوەکەی لەدەستبچێت.
 
بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ سەرجەم بلیتەکانی یارییەکە فرۆشراون، 34 هەزار و 120 هاندەر لە یاریگەدا ئامادەدەن، کە یەکەمجارە ئەو رێژە بەرزەی هاندەران لە یارییەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگی خانماندا ئامادەبن، لەکاتێکدا پێشتر لە یاریی کۆتاییدا ئامادەبوونی 18 هەزار و 900 هاندەر زۆرترین ئامادەبوون بووە، بەڵام لە قۆناخی پێشکۆتاییدا لە یاریی بارسێلۆنا و چێڵسی 72 هەزار و 262 هاندەر ئامادەبوون، لە یاریی ڤۆڵفسبۆرگ و ئارسیناڵیش لە یاریگەی ئیماراتس 60 هەزار و 63 هاندەر ئامادەبوون.