وێمبڵی بۆ دێربییەکی دیکە ئامادەیە.. قوتابی و مامۆستا دەیانەوێت ببنە پاڵەوان

03-06-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن دێربیی مانچێستەر ئێف ئەی کەپ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ ئێوارە چاوەکان بۆ بینینی دێربییەکی دیکەی مانچێستەر دەچنە یاریگەی وێمبڵی لەندەن، کاتێک هەردوو یانەی مانچێستەر سیتی و مانچێستەر یونایتد لە یاریی کۆتایی ئێف ئەی کەپدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.

یارییەکە کاژێر 17:00 بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانە بۆ بردنەوەی دووەم نازناوی ئەم وەرزە رکابەری یەکدی دەکەن، مانچێستەر سیتی پاڵەوانی پرێمەرلیگە و مانچێستەر یونایتدیش نازناوی جامی کاراباو کەپی بردووەتەوە.

پێپ گواردیۆلای راهێنەری ئیسپانی و یانەی مانچێستەر سیتی رووبەڕووی ئێریک تێن هاگی هۆڵەندی و قوتابییەکەی دەبێتەوە کە پێشتر لە یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، تێن هاگ یاریدەدەری راهێنەرە ئیسپانییەکە بوو.

مانچێستەر سیتی لەکاتێکدا ئەم یارییە دەکات، دوای 7 رۆژی دیکە یانەکە لە تورکیا یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی هەیە و رووبەڕووی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی دەبێتەوە، بۆیە پێپ دەیەوێت بە ئارامییەوە یاریی بکات و یاریزانەکانی لە پێکان بپارێزێت، بەڵام مانچێستەر یونایتد جگە لەم یارییە هیچ یارییەکی دیکەی فەرمیی لەم وەرزەدا نەماوە و جگە لە بردنەوەی ئامانجێکی دیکەی نییە.

لە دوایین یاریی نێوان هەردوو یانەدا لە گەڕی 20ـی پرێمەرلیگ، مانچێستەر یونایتد سەرکەوتنی بەرامبەر مان سیتی بەدەستهێناوە.

مانچێستەر یونایتد خاوەنی 12 نازناوی پاڵەوانێتییەکەیە، بەڵام لە 2016-2015ـەوە نەیتوانیووە نازناوەکە بباتەوە.

مانچێستەر سیتی 6 جار نازناوی ئێف ئەی کەپی بەدەستهێناوە، دوایینجار لە وەرزی 2019-2018 بووە، لە ئەگەری بردنەوەی ئەم نازناوە یانەکە هەلێکی دیکەی دەبێت بۆ بردنەوەی سێ نازناو لە یەک وەرزدا، لەکاتێکدا پرێمەرلیگی بردووەتەوە و نازناوی چامپیۆنزلیگیشی لە بەردەمدا ماوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە