بۆچی دیبالا بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین نەکرا؟ لیۆنێل وەڵامدەداتەوە

03-06-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن پاولۆ دیبالا لیۆنێل سکالۆنی
A+ A-

رووداو دیجیتال

لیۆنێل سکاڵونی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، لەبارەی پاولۆ دیبالای یاریزانی یانەی یوڤێنتوسەوە قسەی کرد، کە بانگێهێشتی ریزەکانی هەڵبژاردەی تانگۆی نەکردووە بۆ بەشداریکردن لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال و کۆپا ئەمریکا.

ئەو راهێنەرە ئەرجەنتینییە جەختی کردەوە کە هۆکاری بانگهێشتنەکردنی دیبالا تەنیا ئەو پێکانانە بووە، کە لە وەرزی رابردوودا تووشی بوون و خوازیارە ئەو یاریزانە لە وەرزی نوێدا ئاستی خۆی بەدەستبێنێتەوە.

سکاڵونی لەو بارەیەوە گوتی "من زۆر نیگەرانم بۆ دیبالا، زۆرم خۆشدەوێت، بەم زووانە دەگەڕێتەوە لووتکەی ئاستی".

ئەو زیاتر گوتی "ئێمە پێویستمان بەو یاریزانانەیە کە ئامادەن، پاولۆ وەرزێکی سەختی هەبوو، پێکانەکانیشی رێگرییان لێکردووە کە بەردەوام یاری بکات".

سکالۆنی لە بەردەوامی قسەکانیدا لەبارەی دیبالاوە، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە دڵنیایە لەوەی دیبالا  دەگەڕێتەوە ئاستی خۆی و لە وەرزی نوێدا ئاستێکی زۆر بەرز پێشکەش دەکات.

کاژێر 3ـی بەرەبەیانی رۆژی هەینی، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، لە گەڕی 7ـی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر، لەنێو یاریگەی خۆیدا میوانداری هەڵبژاردەی چیلی دەکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە