گریزمان: من و بنزیما و ئێمباپێ لەگەڵ یەکدیدا نەگونجاوین

03-06-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن گریزمان کەریم بنزیما کیلیان ئێمباپێ
A+ A-

رووداو دیجیتال

ئەنتوان گریزمان، هێرشبەری هەڵبژاردەی فەرەنسا دووپاتیکردەوە کە لەگەڵ هاوکارە هێرشبەرەکانی کەریم بنزیما و کیلیان ئێمباپێ بەتەواوی خۆی نەگونجاندووە.

هەڵبژاردەی فەرەنسا لەیارییەکی دۆستانەدا میوانداری وێڵزی کرد و بە 3 گۆڵی بێبەرامبەر لێیبردەوە، کە ئێمباپێ، گریزمان و دێمبێلی گۆڵەکانیان تۆمارکرد.

گریزمان لەدوای یارییەکە لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا، قسەی لەبارەی یارییەکەوە کرد و گوتی "هەوڵماندا باشترین نمایش لە هێڵی هێرشبردن پێشکەش بکەین و تێگەیشتن لە ئاڵوگۆڕی جوڵەکان نیشان بدەین، بەڵام سێ شتمان کەمە دەبێت باشتریان بکەین".
 
ئەو هێرشبەرەی بارسێلۆنا، ئەوەشی گوت "جارێکی دیکە سەیری یارییەکە دەکەینەوە و گرتە ڤیدیۆییەکان دەبینینەوە بۆ خوێندنەوەی جموجوڵی بنزیما و ئێمباپێ، بۆ ئەوەی باشتر کار بە پلانی تیپەکە بکەین، هەروەها بۆ ئەوەی هەر یەکێک لە ئێمە بە باشترین شێوە کاری خۆمان بکەین".
 
گریزمان، هەروەها گوتیشی "ئەوە یەکەم یارییە، لە راهێنانەکاندا هەموو شتێک بەباشی  دەڕوات، ئێمەش بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ پێشخستنی ئاستی خۆمان".

دوای چەندین ساڵ دوورخستنەوەی کەریم بنزیما لە هەڵبژاردەی فەرەنسا، دیدی دیشامپی راهێنەری هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکانی فەرەنسا لە بڕیارێکی پێشبینی بۆ نەکراودا بنزیمای بانگهێشتی هەڵبژاردەکەی کردەوە بۆ بەشداریکردن لە یۆرۆی 2020 کە دوای چەند رۆژێکی دیکە دەستپێدەکات.

کەریم بنزیما دوای گەڕانەوە بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە یەکەم یاری خۆیدا بە درێسی فەرەنساوە لێدانی سزای لە دژی هەڵبژاردەی وێڵز لەدەستدا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە