رۆناڵدۆ، مێسی و ئێمباپێی تێپەڕاند


رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، بەهۆی ئەو گرێبەستە زەبەلاحەی لەگەڵ یانەی نەسڕی سعودی کردوویەتی، بووەتە پڕ داهاتترین وەرزشوانی جیهان لە ساڵی 2023دا. کریس پێش سەرجەم ئەستێرەکانی دیکەی نێو دونیای وەرزش کەوتووەتەوە، لە نێویاندا لیۆنێل مێسی.
 
گۆڤاری 'فۆربس'، ریزبەندی نوێی ساڵانەی خۆی بۆ وەرزشوانە خاوەن زۆرترین داهاتەکانی جیهان بڵاوکردەوە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ پێش هەمووان کەوت، پاشئەوەی دەرکەوت ساڵی رابردوو 136 ملیۆن دۆلار، دەستکەوتی بووە.
 
رۆناڵدۆی 38 ساڵ، پێشتریش لە ساڵانی 2016 و 2017 لەلایەن هەمان گۆڤارەوە وەک وەرزشوانی خاوەن زۆرترین داهات لە جیهاندا دەستنیشانکراوە.
 
گەڕانەوەی رۆناڵدۆ بۆ لووتکەی ئەو ریزبەندییە، وەک یەکێک لە بەرئەنجامەکانی رۆیشتنی لە مانچێستەر یونایتد و رووکردنە خولی سعودیە دێت کە لە مانگی یەکی ئەمساڵدا پەیوەندی بە یانەی نەسڕی سعودییەوە کرد.
 
رۆناڵدۆ بە هەردوو گرێبەست لەگەڵ مان یونایتد و نەسڕ، بڕی 46 ملیۆن دۆلاری دەستکەوتووە، ئەمە جیا لەوەی کە 90 ملیۆن یۆرۆی لە کۆمپانیا بازرگانییەکانەوە دەستکەوتووە لە ماوەی 12 مانگی رابردوودا.
 
کریس لەگەڵ یانەی نەسڕ تاوەکو ساڵی 2025 گرێبەستی کردووە، وەک گۆڤارەکە دەڵێ، رۆناڵدۆ بۆ هەر ساڵێک یاریکردن لەگەڵ نەسڕ بڕی 75 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت.
 
'فۆربس' بەپشتبەستن بەلێکدانەوەی هەندێک میدیای ئەمریکی پێشبینیکردووە، رۆناڵدۆ لە سعودیە 'هەلی بازاڕگەریی زیاتر'ی دەستبکەوێت، بەتایبەت کە ئەو بووەتە باڵیۆزی نافەرمیی وەرزشی سعودیەش.
 
بەپێی هەمان گۆڤار، لیۆنێل مێسی یاریزانی پاریس سانجێرمان دووەم پڕداهاتترین وەرزشوانی ساڵ بووە و داهاتی گشتیی بەر لە بڕینی باجەکان لە ساڵەکەدا، 130 ملیۆن دۆلار بووە.
 
مێسی، هاوشێوەی رۆناڵدۆ گرێبەستێکی گەورەی بازاڕگەری بۆ گەشتیاریی لە سعودیە هەیە. لەسەر گەشتکردنیش بۆ سعودیە لەپێناو هەمان ئامانج، رووبەڕووی سزای راگرتن بۆ دوو هەفتە لەلایەن پاریس سانجێرمانەوە بووەوە.
 
ئەوە هەر تەنیا رۆناڵدۆ و مێسی نین، کە بەهۆی وەبەرهێنان و کارکردن لە سعودیە لە لیستی دە پڕداهاتترین وەرزشوانانی ساڵدان، بەڵکو هەریەکە لە داستن جۆنسۆن بە داهاتی 107 ملیۆن دۆلاری ساڵانە و فیل میکلسۆن بە داهاتی 106 ملیۆن دۆلار، پلەکانی شەشەم و حەوتەمی پڕداهاتترینەکانی ساڵیان گرتووە. هەردوو وەرزشوانەکە بەشدارییان لە پاڵەوانێتی گۆڵفی 'لیف گۆڵف'دا کردووە کە خولێکی گۆڵفە و سعودیە سپۆنسەریی دەکات.
 
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسیی پاریس سانجێرمان، لە پلەی سێیەمی لیستی وەرزشوانی خاوەن زۆرترین داهاتی ساڵە. کیلیان بازێکی گەورەی داوە، پێشتر لە پلەی 35ی جیهان بوو، ئێستا بە بەدەستهێنانی 120 ملیۆن دۆلار لە ساڵێکدا، هاتووەتە پلەی سێیەمی جیهان، ئەمەش بەهۆی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی کە 100 ملیۆن دۆلاری وەک پاداشتی نوێکردنەوەکە وەرگرتووە.
 
جیا لەوەش، کیلیان لە دەرەوەی یاریگە 20 ملیۆن دۆلاری دیکە داهاتی هەبووە.
 
لە پشت کیلیانەوە، لیبرۆن جەیمس، ئەستێرەی باسکەی ئەمریکیی یانەی لیکەرز دێت کە تەمەنی 38 ساڵە و داهاتەکانی لە ساڵەکەدا 119،5 ملیۆن دۆلار قازانجی هەبووە، لە نێویدا 75 ملیۆن لە دەرەوەی وەرزشەوە بەدەستهاتووە.