مێسی بەتووندی وەڵامی سانجێرمان دەداتەوە

03-05-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن مێسی، بارسێلۆنا، پاریس سانجێرمان لیۆنێل مێسی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتە رۆژنامەکانییەکانی فەرەنسا ئاشکرایانکردووە، لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، پەرچەکرداری تووندی بەرامبەر سزاکانی یانەی پاریس سانجێرمان پێشانداوە.
 
مێسی لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا گەشتێکی بازاڕگەریی بۆ بواری گەشتیاریی سعودیە ئەنجامدا، بەهۆیەوە کێشە کەوتە نێوان کارگێڕیی سانجێرمان و ئەو یاریزانەوە.
 
کێشەکە لەوەوە سەریهەڵداوە کە راهێنەری پاریس سانجێرمان، پێشتر بڕیاریدابوو لە دوای یارییەکەی لۆریان، دوو رۆژ پشوو بداتە سەرجەم یاریزانەکان، مێسی ئەوەی بەهەل زانیوە و گەشتەکەی بۆ سعودیە ئەنجامداوە. بەڵام وەک میدیای فەرەنسا دەڵێن، کاتێک سانجێرمان یارییەکەی بە لۆریان دۆڕاندووە، راهێنەر دوو رۆژ پشووەکەی هەڵوەشاندووەتەوە و رۆژی دواتر سەرپەرشتی مەشقی یاریزانەکانی کردووە، هەر بۆیە کاتێک مێسی نەچووەتە مەشقەکان، یانەکەی بڕیاریداوە سزای بدات.
 
سەرچاوە نزیکەکان لە مێسی گووتوویانە ئەو یاریزانە بە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دوو رۆژ پشووەکەی نەزانیووە، تەنانەت لە نێو فڕۆکەدابووە بەرەو سعودیە کاتێک بڕیارەکە دەرچووە. بەڵام سانجێرمان سوورە لەسەرئەوەی کە مێسی هەڵەی کردووە، بەهۆیەوە بڕیاریداوە دوو هەفتە مووچەبڕی بکات و لە مەشق و یارییەکانیش دووری بخاتەوە.
 
هەندێک سەرچاوەی دیکە گوتوویانە، سانجێرمان بۆیە سزای مێسی داوە، چونکە ئەو یاریزانە بەبێ ئاگاداریی کارگێڕیی یانەکە و راهێنەرەکەی گەشتەکەی سعودیەی ئەنجامداوە و مۆڵەتی وەرنەگرتووە.
 
رۆژنامەی 'لیکیپ'ی فەرەنسی ئاشکرایکردووە، پەرچەکرداری مێسی بەرامبەر سزاکانی سانجێرمان تووند بووە. ئەو یاریزانە بڕیاریداوە تەنانەت بەهیچ شێوەیەک بیر لە رێککەوتنی لەگەڵ ناسڕ خلێفی سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان نەکاتەوە، کە پێشتر و لە مۆندیالی قەتەر رێکەوتنیان کردبوو.
 
بەپێی ئەو رۆژنامەیە، رێکەوتنەکەی قەتەر بریتیبووە لە کاراکردنی خاڵی پەیوەست بە نوێکردنەوەی گرێبەستی مێسی لەگەڵ سانجێرمان بۆ ساڵێکی دیکە. بەڵام بڕیاری سزاکانی ئەو یاریزانە، ئەستێرە ئەرجەنتینییەکەی زۆر تووڕەکردووە و بڕیاری خۆی یەکلاکردووەتەوە لەوەی کە دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لە هاوینی ئەمساڵدا، چیدی لە سانجێرمان نامێنێتەوە.
 
رۆژنامەکە دووپاتیدەکاتەوە کە ویستی هاوبەش لە نێوان سانجێرمان و مێسیدا هەبووە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکە بۆ ساڵێکی دیکە، بەڵام ئێستا ئەو ویستە لای مێسی نەماوە.
 
ئەم رووداوانە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی یانەی بارسێلۆنا و دەنگۆکانی هەوڵدانی ئەو یانەیە، بۆ سەرلەنوێ بردنەوەی مێسی بۆ ریزەکانی یانەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە