لوکا مۆدریچ: بەدڵنیاییەوە دەتوانین بەرامبەر مانچێستەر سیتی ریمۆنتادا بکەین

03-05-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لوکا مۆدریچ مانچێستەر سیتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لوکا مۆدریچ، ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بەوپەڕی بڕوا بەخۆبوونەوە، رایگەیاند ئەوان دەتوانن بەرامبەر مانچێستەر سیتی ریمۆنتادا بکەن و ئەو یانە ئینگلیزییە لە چامپیۆنزلیگ دەربکەن.
 
یانەی ریال مەدرید لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پیشکۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا، لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ برنابیۆ لە مەدرید، میوانداری یانەی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی دەکات، کە یاریی چوون بە ئەنجامی 4-3 لە بەرژەوەندی یانە ئینگلیزییەکەدا تەواو بووبوو.
 
لوکا مۆدریچ، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "کەشی نێو ژووری جڵگۆڕینمان زۆر باشە، ئێمە دەزانین لە بەرامبەر مانچێستەر سیتی پێویستە چی بکەین، ئێمە زۆر بە پەرۆش و ئامادەین بۆ یارییەکە، کە گرنگترین یاریی ئەم وەرزەمانە".
 
ئەو گوتیشی "زۆر دڵنیاین لەوەی کە دەتوانین بەرامبەر مانچێستەر سیتی ریمۆنتادا بکەین، ئێمە لە یاریی یەکەمدا بە باشترین شێوە یاریمان نەکرد، بەڵام توانیمان 3 گۆڵ بکەین، ئێمە کولیتی و مێژوومان هەیە، ئەمە کاریگەری خۆی دەبێت، پێویستە نیشانی بدەین کە ئێمە ریال مەدریدین، باشترین یانەی جیهان".
 
لوکا زیاتر گوتی "یاریکردن لەنێو یاریگەی خۆمان و بەرامبەر هاندەرانمان هێزمان پێدەبەخشێت، ئێمە خۆمان بەدەستەوە نادەین، لەوەتەی هاتوومەتە ئێرە، ریال مەدرید فێری کردووین خۆمان بەدەستەوە نەدەین".
 
سەبارەت بەو پرسیارەی کە کام ساڵ باشترین ساڵی تۆ بووە لەگەڵ ریال مەدرید؟ یاریزانی کرواتی لە وەڵامدا گوتی "وەڵامی ئەو پرسیارە بۆ خەڵکی بەجێدەهێڵم، من دڵخۆشم بەو ئاستەی پێشکێشی دەکەم، هەرگیز من لە بەرپرسیاریەتی رامنەکردووە، بەڵکو حەزم لێیە".
 
ئەو گوتیشی "ئەم نەویەمان 4 نازناوی چامپیۆنزلیگی بردووەتەوە، دەتوانین بگەینە یاریی کۆتایی پێنجەمیش". هەروەها گوتی "دەزانین کە پێویستە ئاستێکی زۆر باشتر لەوەی لە مانچێستەر پێشکێش بکەین، لە هەموو روویێکەوە، لە هێرشبەردن و لە بەرگریکردنیش".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە