ئەمشەوی چامپیۆنزلیگ.. ڤیاریال بە دوای پەرجوویەکی نیمچە مەحاڵدا دەگەڕێت

03-05-2022
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ڤیاریال لیڤەرپوول
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

بەجۆرێک لە بێئومێدی و هاوکات خۆ هاندانەوە، ڤیاریال لە یاریگەی خۆیدا چارەنووسسازترین یاری وەرزی ئەمساڵی بەرامبەر لیڤەرپوول ئەنجامدەدات.
 
ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی ڤیاریال لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پیشکۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا، لەسەر یاریگەی لاسیرامیکا میوانداری یانەی لیڤەرپوول دەکات، کە یاریی چوون بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی یانە ئینگلیزییەکەدا تەواو بووبوو.
 
لە یاری پێشوودا، یانە ئیسپانییەکە لە بەرامبەر لیڤەرپوولدا لەوە زیاتری پێنەکرا کە بەرگرییەکی پتەو بکات و یاریزانەکانی لەبەردەم ناوچەی سزای خۆیدا کۆبکاتەوە و هەوڵی هێرشی پێچەوانە بدات. ڤیاریال لە گێمی یەکەمی یارییەکەدا سەرکەوتوو بوو لە پلانەکەیدا، بەڵام گێمی دووەم، یاریزانەکانی لیڤەرپوول سەرتاپای هەوڵەکانی یانە زەردپۆشەکەیان بۆ دەرچوون بەئەنجامێکی باشەوە شکستپێهێنا و بەتۆمارکردنی دوو گۆڵ، یارییەکەیان لە بەرژەوەندی خۆیان یەکلاکردەوە.
 
هەرچەندە لە یاری چووندا، ڤیاریال شتێکی ئەوتۆی نەکرد کە جۆرێک لە دڵنیایی بداتە هاندەرەکانی بۆ ئەگەری سەرکەوتن و پەڕینەوە بەرەو یاری کۆتایی و هەڵگێڕانەوەی ئەنجامێک کە تێیدا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر ڤیاریال تێیدا دۆڕاوە، لەوانەیە سەرووی توانا و ئەزموونی ئەو یانەیەوە بێت کە راهێنەرەکەی یەکەمجارە دەگاتە ئەم قۆناخەی چامپیۆنزلیگ و تیپەکەش دووەمجاریەتی لەم قۆناخە سەختەی پاڵەوانێتییەکەدا خۆی دەبینێتەوە.
 
ئەگەرچی یاری چوون بۆ ڤیاریال پشتبەستن بوو بە ئومێدی هاتنە دەرەوە لە ئانفێڵد بەکەمترین زیانەوە، ئەمجارەیان یانەکە بۆ ئەوەی یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا ئەو خەونەی بۆ بەدی بێت، پێویستی بەبیرکردنەوە لە سیناریۆیەکی جیاواز هەیە، سیناریۆی گەڕان بەدوای دوو گۆڵ لەپێناو یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە و پاشانیش گۆڵی سێیەم لەپێناو سەرکەوتندا، ئەم سیناریۆیەش بۆ ژێردەریاییەکانی ئیسپانیا، لە مەلەکردن لە نێو زەریاکانی ئەتڵەسیدا، زۆر قورستر و ئەستەمترە.
 
هەمووان باس لە بەهێزییەکەی دەکەن، هەمووانیش باس لە سەقامگیری و سەرکەوتن بەدوای سەرکەوتن و پەڕینەوە لە نازناوێکەوە بۆ نازناوێکی دیکە دەکەن. بۆ یۆرگن کلۆپ و یاریزانەکانیشی، نەوەت خولەکی چارەنووسساز هەن ئەمشەو، کە دەبێ سەرکەوتنی تێدا بەدەست بهێنن.
 
لیڤەرپوول لە یاری یەکەمیدا بەرامبەر ڤیاریال، کەمترین زەحمەتی بینی و باشترین ئەنجامی بەدەستهێنا. کەمترین هێرشی کرایە سەر و زۆرترین هێرشی برد، ئەو یانەیە لەوێ لە ئانفێڵد سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەمشەو کاتیەتی بەهۆی ئەو سەرکەوتنەی یاری یەکەمەوە، بگاتە یاری کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
لۆژیکی تۆپی پێ، هیچ ئەگەرێک بۆ سەرکەوتنی ڤیاریال بەرەو یاری کۆتایی ناهێڵێتەوە، بەڵام هەر ئەو لۆژیکەش ئومێدی زیندوو دەهێڵێتەوە، چونکە ڤیاریال بۆی هەیە هەموو شتێک لە لیڤەرپوول زۆر لەوە ئاڵۆزتر بکات کە بیری لێدەکرێتەوە. تۆپی پێ گەورە و بچووک و ئەنجامی مسۆگەری تێدا نییە، ئەوەی تێیدایە، یارییەکی دیکە و چاوەڕوانیی دەرکەوتنی بردنەوەی یارییەکەیە.
 
پێکهاتە نموونەییە بەهێزەکەی لیڤەرپوول و توانای گەورەی یاریزانانی ئەو یانەیە و سەقامگیری لە ئەنجامەکان و راستکردنەوەی ئەو هەڵانەی، لەسەرەتای وەرزدا خەریکبوو هەموو شت لە تیپەکە تێکبدەن و بەردەوامبوون لە رکابەری لەسەر سێ نازناو و بەدەستهێنانی نازناوێکی ئەمساڵ، ئەگەر و پەراوێزی شکست و لەدەستدانی هەلی گەیشتنە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگیان بۆ یانەکە زۆر کەمکردووەتەوە. بەتایبەت کە یۆرگن کلۆپ لە رۆژانی رابردوودا جارێکی دیکە بە سوورپۆش و لیڤەرپوولی مایەوە تا ساڵی 2026 و جوانترین دیاری ئەو راهێنەرە ئەڵمانییە بۆ ئەو کارگێری و هاندەرانەی متمانەیەکی یەکجار زۆریان پێی هەیە، پەڕینەوەیەکی ئارامە لە یارییەکەی ئەمشەودا، بەرەو یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە