کڵۆپ بۆ یاریزانەکانی: عاقڵ و وریا بن

رووداو دیجیتاڵ

 

یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، دووپاتیکردەوە کە هێشتا تیپەکەی گەیشتنی بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ یەکلایی نەکردووەتەوە و داوای لە یاریزانەکانی کرد وریا بن و ژیرانە مامەڵە لەگەڵ یارییەکەدا بکەن.
 
ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی ڤیاریال لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پیشکۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا، لەسەر یاریگەی لاسیرامیکا میوانداری یانەی لیڤەرپوول دەکات، کە یاریی چوون بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی یانە ئینگلیزییەکەدا تەواو بووبوو.
 
یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوول، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی ەبر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "یاریی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆننزلیگ گرنگترین یارییە لە تۆپی پێدا ئەنجامی بدەی، با راستی بکەمەوە، دووەم گرنگترین یارییە دوای یاریی کۆتایی، بەڵام ئێستا گرنگترینە، چونکە نازانی جارێکی دیکە دەگەیتەوە پێشکۆتایی یان نا؟ ئایا هەلی ئەوەت بۆ دەڕەخسێتەوە بگەیتەوە یاریی کۆتایی یان نا؟". 
 
ئەو لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "ئێمە تیپێکی جیاوازمان هەیە، بەڵام ناتوانین بڵێین سەرکەوتنمان مسۆگەرکردووە، چونکە لەم قۆناخەدا پێویستیت بە بەخت هەیە، لەبەرئەوە دەبێت وریا بین و ئامادەبین، هەرواش دەبین".
 
راهێنەرە ئەڵمانییەکەی یانەی رێدز، گوتیشی "زۆر حەزدەکەین بگەینە یاریی کۆتایی، بەڵام ئەگەر ڤیاریال باشتر لە ئێمە یاری کرد و بە ئەنجامێک لێیبردینەوە کە بگاتە یاریی کۆتایی، بێگومان پیرۆزبایی لێدەکەین و تەواو".
 
کڵۆپ لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هێشتا نەیانتوانیوە گەیشتن بە یاریی کۆتایی مسۆگەر بکەن و گوتی "ئێمە هێشتا لە پشووی نێوان دوو گێمەکەداین، واباشە ئەنجامی یاریی یەکەم لەبیربکەین، ئەم یارییە بۆ ئێمە وەک یارییەکی جامە کە تەنیا یارییەکی یەکلاکەرەوەیە و پێویستە بچینە ڤیاریال بۆ بردنەوە، رێک هەوڵ بۆ ئەوە دەدەین".