یانەکانی عێراق داوای هەڵوەشاندەوەی خولی نایابی عێراق دەکەن

03-05-2020
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن خولی نایابی عێراق جەوییە
A+ A-

رووداو - بەغدا 

ڤایرۆسی کۆرۆنا، سەرجەم خول و جووڵە وەرزشییەکانی لەسەر ئاستی جیهان ئیفلیج کرد، یانەکانی عێراقیش نیگەرانن و دەیانەوێت خولەکەیان هەڵبوەشێتەوە.

وەرزی ئەمساڵ وەرزێکی باش نەبوو بۆ خولی نایابی عێراق،  خۆپیشاندان و ئاڵۆزیی شەقامی سیاسی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی مەترسیدارترین ڤایرۆس، وایکرد یەکێتی تۆپی پێی عێراق یارییەکان رابگریت.

بەشێکی زۆری یانەکانی عێراق بۆ لایەنی داراییان پشت بە وەزارەت و دامەزراوەکانی حکومەت دەبەستن، بەڵام لەبەرئەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان زۆر دابەزیوە،  حکومەتی عێراق تووشی قەیرانی دارایی بووەتەوە و یانەکانیش گیرفانیان بەتاڵبووە.

وەزارەتی نەوتی عێراق خاوەندارێتی یانەکانی گازی باکوور لە کەرکووک، نەفت لە بەغدا، نەفتی ناوەڕاست لە نەجەف لەگەڵ یانەی نەفتی جنووب لە بەسرە، ئەم یانانە بەر لە کۆرۆنا بە یانە دەوڵەمەندەکانی عێراق ناسرابوون.

یانەی نەفت کە 41 ساڵە دامەزراوە، چوار مانگە دینارێکی نەخستووەتە خەزێنەی یانەکە، کازم محەممەد سەرۆکی یانەکە لە لێدوانێکی تایبەتدا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "داوا دەکەین یارییەکانی خولی نایابی عێراق هەڵبوەشێننەوە و خولەکە بەڕێوەنەچێت، لەبەرئەوەی بارودۆخی دارایی ئێمە زۆر خراپە، ناتوانین مووچە و مافی یاریزانەکانمان بدەین، هەروەها مانگی رەمەزانە و ئیدی کەش و هەوا گەرم دەبێت".

یانەی جەوییە ناوێکی گەورە و جەماوەریی خولی عێراق و خاوەن سێ نازناوی جامی یەکێتی یانەکانی ئاسیایە، یانەکە لەگەڵ ئەوەی مووچەی یاریزانەکانی بەشێوەیەکی تەواو داوە، بەڵام هەمان داواکاری یانەکانی دیکەی هەیە.

جاسم گاتع، سکرتێری یانەی جەوییە، بۆ روودای روونکردەوە "ئێمە رامان لەگەڵ رای یانەکانی دیکەیە کە داوای هەڵوەشاندنەوەی خولەکە دەکەن، سەبارەت بە مووچە کێشەمان نییە، بەڵام بەپێی رێنمایی یەکێتی تۆپی پێی عێراق و فیفا ماف و گرێبەست دابەش دەکەین".

یانەی جەوییە، هاتنی مانگی رەمەزان و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بە خاڵێکی خراپ دادەنێت لەسەر تەندروستی یاریزانەکان، هەروەها پێیانوایە باری ئاسایشی شارەکانی عێراق لەبار نییە بۆ بەڕێوەچوونی یارییەکان. 

دەستەی کاتیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، دەیەوێت پرسی هەڵوەشاندنەوە یان بەڕێوەچوونی خولی عێراق یەکلایی بکاتەوە، لەبەرئەوەی سەرۆک و ئەندامانی یەکێتییەکە لەلایەن فیفاوە کەسانی باوەڕپێکراون. 

محەممەد فەرحان، سکرتێری دەستەی کاتیی یەکێتی تۆپی پێی عێراق، بۆ رووداو گوتی "سبەی من و سەرۆکی دەستەی کاتیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، کۆبوونەوەمان لەگەڵ شانەی قەیرانەکانی عێراق هەیە، بۆ ئەوەی بزانین بارودۆخەکە چۆنە".

فەرحان ئاماژەی بەوەشکرد "ئەگەر دۆخەکە لەباربوو، نوێنەری یانەکان کۆدەکەینەوە، گوێ لە رای زۆرینە دەگرین، هەروەها بڕیاری ئێمە بەشێوەی بەیاننامەی فەرمی بڵاودەکەینەوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە