ژنانی ئەڵمانیا شێتی هاری کەینن

03-04-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هاری کەین خانمانی ئەڵمانیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

خۆشەویستی هاری کەین تەنیا لە ئینگلتەرا سنووردار نییە. هێرشبەرەکەی بایرن میونشن لەلایەن خانمانی ئەڵمانیاوە وەک یەکێک لە شیکترین و سەرنجڕاکێشترین یاریزانەکانی تۆپی پێی ئەڵمانیا هەڵبژێردرا.
 
هاری کەین، کاپتنی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بە یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین یاریزانەکانی تۆپی پێی ئەڵمانیا هەڵبژێردرا و ئەو لەنێو خانمانی ئەڵمانیادا خۆشەویستییەکی زۆری هەیە.
 
هێرشبەرە تەمەن 31 ساڵەکە، کە لە 105ـەمین یاریی نێودەوڵەتیدا بەرامبەر لاتڤیا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا گۆڵی 71ـەمینی خۆی بۆ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا تۆمارکرد، لە ئەڵمانیاش ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات و لە 83 یارییدا 77 گۆڵی لەگەڵ بایرن میونشن تۆمارکردووە.
 
لە راپرسییەکدا کە لەلایەن کۆمپانیای Partnersucheـەوە ئەنجامدرا، داوا لە پێنج هەزار خانمی ئەڵمانی کراوە کە سەرنجڕاکێشترین یاریزانی بۆندێسلیگا هەڵبژێرن لەسەر بنەمای تێکەڵەیەک لە "کاریزما و ستایل و سۆزداری".
 
ئەنجامەکان دەریانخست کە هاری کەین پلەی چوارەمی بەدەستهێناوە و 17%ـی خانمانی ئەڵمانیا ئەو یاریزانەیان وەک یەکێک لە پێنج یاریزانە سەرەکییەکان هەڵبژاردووە.
 
بەشداربووان کەینیان بە "کەسێکی راستەقینە" و "پیاوێکی تەواو بۆ خێزانەکەت" وەسفکردووە، هەروەها بە "شیک بەشێوەیەکی زۆر بەریتانیانە" وەسفیان کردووە.
 
ئان سۆفی کۆکفێڵد، شارەزای پەیوەندی و سەرنجڕاکێشان، دەڵێت "هاری کەین سەرنجڕاکێشییەکی کلاسیکی هەیە کە بەتەواوی لەگەڵ سەلیقەی ئەڵمانیدا دەگونجێت. پێگەیشتوو، دڵسۆز و هێمن و متمانە بەخۆبوو دەردەکەوێت - سیفەتێک کە زۆر کەس زۆر بە سەرنجڕاکێشی دەزانن. کاتێک بەها خێزانییەکانی و سیفەتەکانی سەرکردایەتی زیاد دەکەیت، بەڕاستی پاکێجێکی سەرنجڕاکێش و تەواوەتییە بۆ پیاو".
 
جۆشوا ڤاگنۆمان، یاریزانی یانەی شتوتگارت، لەنێو 507 یاریزانی 18 یانەی بوندێسلیگادا پلەی یەکەمی راپرسییەکەی بەدەستهێناوە. بنیامین سێسکۆ دووەمە و ئەلفۆنسۆ دەیڤزی هاوڕێی کەین لە بایرن میونشن سێیەمە.
 
کەین لەگەڵ هاوژینەکەی کاتی گودلاند و چوار منداڵەکەیان روویان لە باڤاریا کرد؛ ئیڤی، ڤیڤین، لویس و هێنری، کە ئەمەی دوایی بچووکترینیانە و تەنیا چەند رۆژێک دوای گواستنەوەی کەین لە تۆتێنهامەوە بۆ میونشن لەدایکبوو.
 
دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی کاتی لە هۆتێلێکدا مایەوە لە کاتێکدا خێزانەکەی لە لەندەن بوون. دواتر کەین لەگەڵ خێزانەکەی لە ئەڵمانیا یەکیگرتەوە و لەوێ لە کۆشکێکی گەورەدا دەژین، کە بەبڕی 30 ملیۆن پاوەند کڕیویەتی و دەکەوێتە ناوچەیەک بە ناوی بیڤەرلی هیڵز ئۆف باڤاریا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە