فلیک چۆن یاریی ئەرجەنتین و بەرازیلی بەکارهێنا بۆ بردنەوە لە ئاتلێتیکۆ مەدرید؟!

03-04-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن رافینیا هانزی فلیک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی، دەڵێت "هانزی فلیکی راهێنەری یانەی بارسێلۆنا زۆر ژیرانە یاریی ئەرجەنتین و بەرازیلی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال بەکارهێنا بۆ ئەوەی بتوانێت لە ئاتلێتیکۆ مەدرید بباتەوە و تیپەکەی بگەینێتە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا".
 
لە یاریی کلاسیکۆی جیهاندا، لەنێوان ئەرجەنتین و بەرازیل، کە تانگۆ 4-1 بردییەوە، ئەرجەنتینییەکان زۆر ئازاری رافینیای یاریزانی بارسێلۆنایان دا، لەبەرئەوەی بەر لە یارییەکە بە لێدوانێک ئەرجەنتینییەکانی تووڕە کردبوو، تەنانەت دوای یارییەکەش یاریزانە ئەرجەنتینییەکان گاڵتە و سووکایەتییان بە رافینیا کرد.
 
دەرئەنجام یاریزانە بەرازیلییەکە بە دەروونێکی خراپەوە گەڕایەوە بارسا، بەڵام فلیک زۆر باش ئەو دۆخەی قۆستەوە بۆ بردنەوە لە ئاتلێتیکۆ مەدرید.
 
خوانمارتی لە رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی، دەڵێت "فلیک کە رافینیای بەو دۆخەوە بینی بیری لەوە کردەوە کە ئەو تووڕەییە بگۆڕێت بۆ وزەی ئەرێنی، بۆ ئەوەی وەک پاڵنەرێک بەکاربهێنێت بۆ بردنەوەی یارییە زەحمەتەکەیان بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیا".
 
وەک ئەو رۆژنامەڤانە باسی دەکات فلیک بە یاریزانەکانی گوتووە "کوڕینە، دەبێت ببەینەوە لەپێناو تۆڵەسەندنەوە بۆ رافینیای هاوڕێتان".
 
فلیک بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هاوڕێکانی رافینیا لە ژووری جلگۆڕیندا چەندە خۆشیان دەوێت، داوای لە یاریزانەکانی کردووە تۆڵە لە ئاتلێتیکۆ مەدرید بکەنەوە کە لە ریزەکانیدا ژمارەیەک یاریزانی نێودەوڵەتی ئەرجەنتینی هەیە و ئەوان بوون ئازاری رافینیایان داوە.
 
وەک ئەوەی رۆژنامەی سپۆرت باسی دەکات، لە یارییەکەدا بەئاشکرا سەرنجی ئەوە دەدرا کە یاریزانانی بارسێلۆنا بە رۆحێکی بەهێزتر و بە گیانێکی پڕ لە جۆش و خرۆشەوە یارییان دەکرد، وەک ئەوەی لەپێناو رافینیادا تێبکۆشن بۆ ئەوەی تۆڵەی ئەو لە یاریزانە ئەرجەنتینییەکان و تەنانەت راهێنەرە ئەرجەنتینییەکەی ئاتلێتیکۆ مەدریدش بکەنەوە.
 
سەرەڕای هەموو ئەمانە رافینیا دوای یارییەکەیان بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید هەڵوێستێکی زۆر جوانی نواند و لە رێڕەوی ژووری جلگۆڕیندا چاوەڕێی دی پاولی یاریزانی ئەرجەنتینی کرد، یەکدییان لەباوەش گرت و درێسەکانیان گۆڕییەوە، هەروەها تەوقەی لەگەڵ دیێگۆ سیمیۆنیش کرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە