رووداو دیجیتاڵ
بارسێلۆنا لە ئاتلێتیکۆ مەدریدی بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا، کە تێیدا رووبەڕووی ریال مەدرید دەبێتەوە و پێدەچێت ئیل کلاسیکۆیەکی ئاگرین ببینین.
بارسێلۆنا لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پیشکۆتایی جامی شای ئیسپانیادا لەسەر یاریگای میترۆ پۆلیتانۆ لە مەدریدی پایتەخت بووە میوانی ئاتلێتیکۆ مەدرید و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لێبردەوە.
لە گێمی یەکەمدا فێران تۆرێس تاکە گۆڵی یارییەکەی لە خولەکی 27 تۆمارکرد، دوای ئەوەی پاسێکی نایابی لە لامین یامالی هاوڕێی پێگەیشت و ئەویش ژیرانە تۆڕی مۆسۆی گۆڵپارێزی ئاتلێتیکۆ مەدریدی هەژاند.
لە نیوەی دووەمدا تیپی خاوەن ماڵ باشتر دەرکەوت و چەندینجار هەوڵیاندا گۆڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە تۆماربکەن، بەڵام هیچ هەوڵێکیان سەرکەوتوو نەبوو، یارییەکە بەو ئەنجامە مایەوە.
بەم سەرکەوتنە بارسێلۆنا بلیتی سەرکەوتنی بۆ یاریی کۆتایی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی بەکۆی هەردوو یاریی 5-4 براوە بوو، کە لە یاریی چووندا هەردوو تیپ 4-4 یەکسانبوون.
بارسێلۆنا بەردەوامە لە نائومێدکردنی دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدرید، دوای ئەوەی دوو هەفتە لەمەوبەر لە یارییەکی گرنگی لالیگاشدا بەئەنجامی 4-2 شکستی پێهێنا، بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە تۆڵەسەندنەوە لە دۆڕاندنەکەی لە قۆناخی یەکەمی لالیگا، کە لەبەردەم هاندەرانیدا بەئەنجامی 1-2 پێیدۆرا.
بارسێلۆنا لە یاریی کۆتاییدا رووبەڕووی ریال مەدریدی رکابەری سەرەکی خۆی دەبێتەوە، دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە تیپی شاهانە لەگەڵ ریال سۆسیداد 4-4 یەکسانبوو و بەئەنجامی هەردوو یاری سەرکەوت.
یاریی کۆتایی نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە 26ـی ئەم مانگە لەسەر یاریگای ئۆڵۆمپی لاکارتوخا لە شاری سێڤییا بەڕێوەدەچێت.
دوای یارییەکە، دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدرید، گوتی "دەمەوێت پیرۆزبایی لە بارسێلۆنا بکەم، چونکە ئەوان باشتر یارییان کرد".
هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆناش دڵخۆشیی خۆی بەم سەرکەوتنە نیشاندا، بەڵام گوتی "من ئێستا بیر لە یاریی کۆتایی و لە ریال مەدرید ناکەمەوە، یارییەکی گرنگمان لەپێشە لەلالیگادا بەرامبەر ریال بێتیس، بۆیە ئێستا بیر لە ریال بێتیس دەکەمەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ