"نەفرەت لە دادپەروەریتان، لەسەر کورسییەکانتان هەڵسن و دەستلەکاربکێشنەوە."
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ترابزۆنسپۆری تورکی رەخنەی توند لە فێدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا لەبارەی بڕیاری سزادانی یانەکەوە دەگرێت و دەڵێت "نەفرەت لە دادپەروەریتان."
لە خولی تورکیا، یانەی ترابزۆنسپۆر میوانداری فێنارباخچەی کرد، لە کۆتاییەکانی یارییەکەدا یانەی میوان گۆڵی پێشکەوتن و بردنەوەی یارییەکەی تۆمارکرد، ئەمەش توڕەیی هاندەرانی خانەخوێی لێکەوتەوە، هاتنە نێو یاریگەوە و هێرشیان کردە سەر یاریزانانی فێنارباخچە.
بەهۆی ئەو توندوتیژیانەوە، فێدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا بڕیاریدا یانەی ترابزۆنسپۆر سزابدات بەوەی شەش یاریی داهاتووی لە نێو یاریگەی خۆیدا بەبێ هاندەر ئەنجامبدات. یانە تورکییەکەش لەلای خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'ئێکس' رەخنەی توند لەو بڕیارە دەگرێت و دەڵێت "نەفرەت لە دادپەروەریتان، لەسەر کورسییەکانتان هەڵسن و دەستلەکاربکێشنەوە."
رووداوەکانی ئەو یارییە، وایکرد بەشێک لە ئەندامانی یانەی فێنارباخچە بیانەوێت یانەکەیان لە خولی تورکیا بکشێتەوە، بەڵام رۆژی سێشەممە، 3-3-2024، زۆرینەی ئەندامانی یانەکە لەدژی پێشنیازی کشانەوە دەنگیاندا و بڕیاریاندا لە خولەکە بمێننەوە.