ڤیدیۆ؛ لیشبۆنە گەیشتە یاریی کۆتایی جامی پۆرتوگال

رووداو دیجیتاڵ

یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنە سەرکەوت بۆ یاریی کۆتایی جامی پۆرتوگال، دوای ئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لەگەڵ بێنفیکا لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا یەکسان بوو.
 
سپۆرتینگ هەفتەی رابردوو لە یاریی چووندا بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک سەرکەوتنی بەسەر بێنفیکادا بەدەستهێنابوو، بۆیە بە کۆی ئەنجامی هەردوو یاریی، بلیتی یاریی کۆتایی بەدەستهێنا.
 
دوای ئەوەی نیوەی یەکەم بەبێ گۆڵ کۆتاییهات، سەرەڕای گوشارێکی زۆری بێنفیکا، لە نیوەی دووەمدا سپۆرتینگ بە باشترین شێوە دەستپێکرد، و دوای تێپەڕبوونی تەنیا دوو خولەک، مۆرتن هیولماند گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد.
 
بێنفیکا هەرزوو وەڵامی دایەوە و لە خولەکی پەنجا و سێدا لە رێگەی نیکۆلاس ئۆتامێندیی ئەرجەنتینییەوە گۆڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی تۆمارکرد.
 
بەڵام سپۆرتینگ دوای دوو خولەک لەو گۆڵە، سەرکەوتوو بوو لە تۆمارکردنی گۆڵی دووەمی، کە پاولینیۆ تۆماریکرد.
 
لە خولەکی شەست و چواردا رافا سیلڤا سوودی لە پاسێکی ئەلێکساندەر باه وەرگرت و گۆڵی یەکسانکردنەوەی بۆ بێنفیکا تۆمارکرد.
 
سەرەڕای هەوڵە چڕەکانی بێنفیکا لە کۆتا خولەکەکانی یارییەکەدا، یارییەکە بە یەکسانبوون بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ کۆتاییهات و لە ئەنجامدا یانەی لیشبۆنە بە کۆی گشتی چوار گۆڵ بەرامبەر بە سێ گۆڵ بلیتی سەرکەوتنی بۆ یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە بەدەستهێنا و لە یاریی کۆتاییدا رووبەڕووی براوەی نێوان پۆرتۆ و ڤیتۆریا گویمارێش دەبێتەوە.