ڤیدیۆ؛ رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی 8 گۆڵیان کرد

03-04-2024
ئیحسان تاهیر
ئەبها 0-8 نەسڕ
ئەبها 0-8 نەسڕ
نیشانەکردن یانەی نەسڕ کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە گەڕی بیست و شەشەمی خولی تۆپی پێی رۆشنی سعودیەدا، هاتریکی دووەمی لە دوایین دوو یارییدا تۆمارکرد و سەرکردایەتی یانەی نەسڕی کرد بۆ بردنەوەیەکی گەورە بە ئەنجامی 8ـ0 لە میواندارەکەی یانەی ئەبها.
 
ئەستێرە پۆرتوگالییەکە لە خولەکی یازدەی یارییەکەدا بە لێدانێکی راستەوخۆ گۆڵی یەکەمی بۆ تیپی میوان تۆمارکرد.
 
رۆناڵدۆ لە خولەکی بیست و یەکدا بە لێدانێکی دیکەی راستەوخۆ گۆڵی دووەمی خۆی و نەسڕی تۆمارکرد.
 
نۆرەی سادیۆ مانێی سەنیگالی هات و لە خولەکی 33 گۆڵی سێیەمی بۆ نەسڕ تۆمارکرد.
 
دۆن رۆناڵدۆ لە خولەکی چل و دوودا سێیەم گۆڵی شەوی خۆی تۆمارکرد.
 
دوای تەنیا دوو خولەک کریستیانۆ ئاسیستێکی بۆ عەبدولمەجید سولەیهم کرد و ئەویش بۆ جاری پێنجەم تۆڕی گۆڵی ئەبهای هەژاند.
 
نەسڕ لە نیوەی دووەمدا بەردەوام بوو لەسەر ئاستەبەرزەکەی تاوەکو عەبدولڕەحمان غەریب لە خولەکی پەنجا و یەکدا ئەنجامەکەی کردە شەش بە هیچ لە بەرژەوەندی نەسڕدا.
 
لە خولەکی شەست و سێدا عەبدولعەزیز عەلاوی گۆڵی حەوتەمی نەسڕی تۆمارکرد.
 
هەمان یاریزان لە خولەکی هەشتا و شەشدا گەڕایەوە و گۆڵی دووەمی خۆی و هەشتەمی یانەکەی تۆمارکرد.
 
سەرەڕای ئەو سەرکەوتنە گەورەیە، بەڵام هێشتا نەسڕ لە پلەی دووەمی ریزبەندیی خولی رۆشندایە، کە لە بیست و شەش یارییدا شەست و دوو خاڵی کۆکردووەتەوە و دوانزە خاڵ لە دوای هیلالی پێشەنگەوەیە. لە کاتێکدا ئەبها لە بیست و شەش یارییدا بیست و دوو خاڵی هەیە و دابەزی بۆ پلەی حەڤدەهەمی ریزبەندی.
 
لەسەر ئاستی تاکەکەسی، کریستیانۆ رۆناڵدۆ بووە خاوەنی 65 هاتریک لە کاروانی وەرزشیی خۆیدا، کە 44 هاتریکی بۆ ریال مەدرید تۆمارکردووە و 10 هاتریکی لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال بووە. 5 هاتریکی بۆ نەسڕ، 3 هاتریکی بۆ مانچێستەر یونایتد و 3 هاتریکیشی بۆ یوڤێنتوس تۆمارکردووە.
 
دۆن کریستیانۆ 2 یارییە لەسەریەک هاتریک دەکات. 12 گۆڵی لە 2024 تۆمارکردووە. 29 گۆڵی لە خولی سعودیەدا تۆمارکردووە. لەم وەرزەدا 47 گۆڵی  تۆمارکردووە و 56 گۆڵی بەگشتی بۆ نەسڕ تۆمارکردووە. ئەو 541 گۆڵی لە خولەکاندا  تۆمارکردووە و 757 گۆڵی لەگەڵ یانەکان تۆمارکردووە و گەیشتووەتە 885 گۆڵ لە کاروانی خۆیدا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە