پیکێ نهێنییەکی نێوان خۆی و شاکیرا و گواردیۆلا ئاشکرا دەکات

03-04-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن جیرارد پیکێ شاکیرا پێپ گواردیۆلا
A+ A-
رووداو هەولێر 

جیرارد پیکێ بەرگریکاری پێشووی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، دانی بەوەدانا کە کچە هاوڕێی پێشووی و گۆرانیبێژی کۆڵۆمبی، شاکیرا، هۆکاری تێکچوونی پەیوەندییەکانی بووە لەگەڵ پێپ گواردیۆلای راهێنەری پێشووی بارسا، کاتێک سەرپەرشتی مەشق و راهێنانی یانە کەتەلۆنییەکەی دەکرد.
 
پیکێ بۆ ماوەی 4 وەرز لەگەڵ گواردیۆلا یاری کردووە و چەندین نازناوی بەدەستهێناوە، دیارترینیان خولی ئیسپانیا، چامپیۆنزلیگی ئەوروپا و جامی جیهانی یانەکان بووە، پێش ئەوەی راهێنەری ئێستای مانچێستەر سیتی لە ساڵی 2012 لە بارسا بڕوات.
 
بەرگریکاری پێشووی بارسێلۆنا، میوانی بەرنامەی جیجانتێسی کەتەلۆنی بوو، ئەو باسی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ گواردیۆلا کرد و گوتی "زۆر سەرنجڕاکێش بوو، بەڵام لە دوایین وەرزی لەگەڵ بارسێلۆنا گرژی تێکەوت".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، پیکێ گوتی "لە راستیدا کاتێک دەستم بە پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ شاکیرا کرد، شتەکان زۆر ئاڵۆزبوون، بەڵام دوای رۆیشتنی گواردیۆلا لە بارسێلۆنا، پەیوەندییەکە بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر گەڕایەوە، هیچ کێشەیەکیش نییە".
 
پیکێ و شاکیرا ساڵی رابردوو جیابوونەوەیان راگەیاند، دوای ئەوەی ئەو خانمە کۆلۆمبییە بۆی دەرکەوت کە بەرگریکارەکەی بارسێلۆنا خیانەتی لێکردووە بە درستکردنی پەیوەندی لەگەڵ کچێکی دیکەی بچووکتر لە خۆی.
 
بەڵام ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دووانە کۆتایی نەهاتن و شاکیرا هەر زوو گۆرانییەکی لەسەر خیانەتەکەی پیکێ بڵاوکردەوە، کە ئەو گۆرانییەی شاکیرا لەگەڵ راو ئەلیخاندرۆ بوو، خواستێکی لەسەربوو، کە تێکستەکەی گوزارشت لە خیانەت دەکات.
 
لە یەکێک لە دێرەکانی هۆنراوەکەدا شاکیرا دەڵێت "تا تۆم رێککردەوە، خۆم پارچە پارچە بووم. منیان ئاگادارکردەوە، بەڵام گوێم بۆ نەگرتن". 
 
لە دێرێکی دیکەی تێکستی گۆرانییەکەیدا، شاکیرا دەڵێت "داوای لێبوردنم لێمەکە، بەو جۆرە دەردەکەوێت لە دڵەوە داوای لێبوردن بکەیت، بەڵام من تۆ دەناسم و دەزانم درۆ دەکەی". 
 
دوایین جار کە شاکیرا و پیکێ وێنەیان بەیەکەوە هەبوو لە رۆژی ڤالانتاینی ساڵی ربردوودا بوو. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە