پۆرتۆ گەڕایەوە پلەی دووەمی خولی نایابی پۆرتوگالی

رووداو دیجیتاڵ

پۆرتۆ پلەی دووەمی خولی نایابی تۆپی پێی پۆرتوگالی بەدەستهێنایەوە، دوای ئەوەی لە گەڕی 26ـی خولەکەدا، توانی لە یاریگای خۆیدا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە پۆرتیمۆنێنسی بردەوە.
 
لە خولەکی 13ـی یارییەکەدا فابیۆ کاردۆسۆ گۆڵی یەکەمی بۆ پۆرتۆ تۆمارکرد، دوای ئەوەی پاسێکی جوانی لە وێندالەوە پێگەیشت.
 
گالینۆ لە خولەکی پەنجا و شەشدا ئەنجامی پۆرتۆی دوو هێندە کرد، بەڵام ڤار رەتیکردەوە، چونکە لە هێرشەکەدا سەرپێچییەکی ئەنجامدرا کە لە ئەنجامدا گۆڵەکەی لێکەوتەوە.
 
لە کۆتا خولەکەکانی گێمی دووەمدا ژمارەی یاریزانانی پۆرتیمۆنێنس بۆ 10 یاریزان کەمبووەوە، دوای ئەوەی لوکاس ڤینتۆرا کارتی زەردی دووەمی وەرگرت، بەڵام ئەمە کاریگەری لەسەر یارییەکە نەبوو، کە بە بردنەوەی پۆرتۆ بە گۆڵێکی بێبەرامبەر کۆتایی هات.
 
بەهۆی ئەو بردنەوەیە، پۆرتۆ بە 61 خاڵ بۆ پلەی دووەم بەرزبووەوە و کە بە 10 خاڵ لەدوای بێنفیکای پێشەنگەوەیە، پۆرتیمۆنێنسیش بە 26 خاڵ لە پلەی چواردەدایە.