ڤیدیۆ؛ ئاتلێتیکۆ مەدرید بەزەحمەت بردییەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

ئاتلێتیکۆ مەدرید، بەردەوامە لەسەر ئەنجامە باشەکانی و چوارەم سەرکەوتنی بەسەریەکەوەی لە لالیگادا بەدەستهێنا.
 
لە گەڕی 27ـی خولی ئیسپانیادا، یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لەسەر یاریگە میترۆپۆلیتانۆ میوانداری یانەی ریال بێتیس کرد و بە ئەنجامی 1-0 لێبردەوە.
 
بەر لە سەستپێکردنی یارییەکە، ئانتوان گریزمان لەنێو چەپڵەڕێزانی هاندەراندا خەڵاتی باشترین یاریزانی مانگی لە لالیگادا وەرگرت.
 
نیوەی یەکەم بەبێ گۆڵ کۆتاییهات و نیوەی دووەمیش نزیکبوو بەهەمان سیناریۆ کۆتایی پێبهێت، بەڵام ئانخێل کۆریای یاریزانی ئەرجەنتینی قسەیەکی دیکەی هەبوو، و لە خولەکی 86 تاکە گۆڵی ئاتلێتیکۆ مەدریدی تۆمارکرد و سێ خاڵی یارییەکەی کردە بەشی تیپەکەی.
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید بەم سەرکەوتنە خاڵەکانی بۆ 54 خاڵ بەرزکردەوە و پلەی سێیەمی ریزبەندیی گرتووە، لە کاتێکدا ژمارەی خاڵەکانی یانەی ریال بێتیس بە 45 خاڵ مایەوە، کە لە پلەی پێنجەمدایە.