راهێنەری پاریس سانجێرمان لەسەر فیکە لێدان لە دژی مێسی چی گوت؟

 
رووداو دیجیتاڵ

کریستۆڤ گالتێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان، سەرەڕای دۆڕانەکەیان بەرامبەر یانەی لیۆن، بەرگری لە لیۆنێل مێسی دەکات.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەیان بەرامبەر لیۆن، کە لە یاریگەی خۆیاندا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕاند، گالتێ لەبارەی فیکە لێدانی هاندەرانی یانەکەیەوە بەرامبەر لیۆنێل مێسی بە رۆژنامەڤانانی گوت "مێسی لە 2023ـدا تارمایی نەبوو، من لەنێو بیرکردنەوەی ئێوەدا نیم، بەڵام ئەو بەردەوامە".
 
راهێنەری پاریس سانجێرمان دەڵێت "هەرگیز بیرم لەوە نەکردووە گۆڕانکاری بە مێسی بکەم، یان لە یارییەکان دووریبخەمەوە، چونکە ئەو یاریزانێکی یەکلاکەرەوەیە، ئەو توانای ئەوەی هەیە سیناریۆی هەر یارییەک بە گۆڵێکی جوان یان پاسێکی ئەفسوناوی بگۆڕێت".
 
گالتێ زیاتر گوتی "پێویستە پێداچوونە بە شێواز و تاکتیکی هێرشبەریی خۆماندا بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین سوود لە مێسی وەربگرین، چونکە ئەو بۆ تیپەکە پایەیەکی زۆر گرنگە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە فیکەلێدانی هاندەرانی یانەکەی لە دژی مێسی کرد و گوتی "زەحمەتە بۆ مێسی کە هاندەران فیکەی لە دژی لێبدەن، چونکە ئەو کیلیان ئێمباپێی لەگەڵە و هاندەران چاوەڕێی زۆریان لێدەکەن، بۆ دروستکردنی جیاوازی لە بارودۆخە سەختەکاندا".
 
راهێنەری پاریس سانجێرمان دووپاتیکردەوە کە مێسی بەهەموو شێوەیەک هەوڵدەدات و کەسێکی رژدە، بەڵام هاوڕێکانی دیکەشی دەبێت ئەو کارانە بەباشی ئەنجامبدەن کە پێیان دەسپێردرێت، چونکە تیپەکە تەنیا مێسی و ئێمباپێ نییە، پێویستە ئەوانیش مەترسی لەسەر گۆڵی تیپی بەرامبەر دروستبکەن".
 
کریستۆڤ گالتێ ئەوەشی بە رۆژنامەڤانان گوت "مێسی لە هەندێک هەوڵدا سەرکەوتبوو و هەندێکجاریش لە رووی هونەرییەوە بۆ گەیاندنی تۆپ بە هێڵی پێشەوە هەڵەیکرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا فیکە لێدان لە دژی مێسی زۆر قورسە، چونکە ئەو لە 2023 لە رووی گۆڵکردنی و ئاسیستەوە زۆر پێشکەوتووە".
 
لەسەر دۆڕانەکەیان بەرامبەر لیۆن راهێنەری پاریس سانجێرمان دەڵێت "بەشێوەیەکی باش دەستمانپێکرد و لە 20 خولەکی سەرەتادا یارییەکی باشمان کرد، بەڵام بەخێرایی لێمان تێکچوو و دوای ئەوەی گۆڵمان لێکرا خۆمان بەدەستەوەدا، ئێمە هێندە هەوڵمان نەدا بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە بەرامبەر تیپێکی وەک لیۆن، یاریزانەکان لە رووی دەروونییەوە ماندووبوون و کەسایەتی و ئیرادەمان لە یارییەکەدا نەبوو".
 
شەوی یەکشەممە یانەی پاریس سانجێرمان لە خولی فەرەنسادا لە یاریگەی خۆی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بە یانەی لیۆن دۆڕا، بەر لە یارییەکە و لە دوای یارییەکەش هاندەرانی یانەی پاریس سانجێرمان فیکەی ناڕەزایەتیان لە دژی مێسی لێدا.