ڤیدیۆ؛ کورتکراوەی بردنەوە مێژووییەکەی میلان لە ناپۆلی

03-04-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ئەیسی میلان
ئەیسی میلان
نیشانەکردن ئەیسی میلان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئەیسی میلان لە ئەنجامێکی چاوەڕواننەکراودا، یاریی لووتکەی سێریا ئەی لە یانەی ناپۆلیی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە بردەوە.
 
میلان لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە یاریگەی دیێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنا بووە میوانی ناپۆلیی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە، ئەوەی چاوەڕواننەکراوبوو روویدا و رۆسۆنێری بەباشترین ئاستەوە دەرکەوت و یارییەکەی بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە.
 
براهیم دیاز دوای یارییکردن بە یاریزانەکانی ناپۆلی، لە خولەکی 17 تۆپێکی جوانی گەیاندە رافایێل لیاو و ئەویش بە جوانترین شێوە گۆڵی یەکەمی بۆ میلان تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 25 براهیم دیاز خۆی گۆڵێکی دیکەی بۆ یانەی میوان تۆمارکرد و هاندەرانی ناپۆلیی زیاتر تووشی سەرسوڕمان کرد، نیوەی یەکەم بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بۆ لۆمباردییەکان کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا هەردوولا بەهێرشکردن چوونە نێو یارییەکە، ناپۆلی بۆ راستکردنەوەی ئەنجامەکە و میلانیش بۆ تۆمارکردنی گۆڵی زیاتر، لە خولەکی 58 رافایێل لیاو بە جوانترین شێوە یاریی بە بەرگریکارانی ناپۆلی کرد و گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی بۆ میلان تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 66 ئالێکس سالیمەیکەرس گۆڵێکی دیکەی بۆ رۆسۆنێری تۆمارکرد، ناپۆلی بەتەواوی بێهیوا بوو و میلان لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر یارییەکەی بردەوە.
 
ئەمە سێیەم دۆڕانی ناپۆلییە لەم وەرزەی سێریا ئەیدا، کە دوو لەو دۆڕانانەی لە یاریگەی خۆیدا بووە، یەکێکیان بەرامبەر لازیۆ و ئەوەی دیکەشیان بەرامبەر میلان بووە.
 
بەم بردنەوەیە میلان لە پلەی سێیەمی ریزبەندی سێریا ئەی بووە خاوەنی 51 خاڵ و ناپۆلیش بە 71 خاڵ لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە مایەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە