یاریی لووتکە لە کامپ نو دەبێت و بارسێلۆنا دەیەوێت پلەی دووەمی لالیگا وەربگرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بە ئامانجی وەرگرتنی پلەی دووەمی ریزبەندی لالیگا، یانەی بارسێلۆنا لە یاریی لووتکەی ئەم هەفتەیەی خولەکەدا بەرامبەر یانەی سێڤییا یارییدەکات.
 
لە درێژەی رکابەرییەکانی گەڕی 30ـی لالیگا، بارسێلۆنا لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی سێڤییا دەکات، لەو یارییەدا کە کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.
 
بارسێلۆنا یارییەکی کەمتری لە رکابەرەکانی ئەنجامداوە، لەگەڵ ئەوەشدا بە 54 خاڵ بەشێوەیەکی کاتی لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکەیە، بەڵام لە ئەگەری بردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو ژمارەی خاڵەکانی لەگەڵ سێڤییا هاوتا دەکاتەوە و دەچێتە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکە.
 
بۆ ئەم یارییە یانە کەتەلۆنییەکە بەهۆی تووشبوونی بە کۆرۆنا لە تواناکانی لوک دییۆنگ بێبەش دەبێت، سێرجینیۆ دێستی بەرگریکاریش پێکانی هەیە و بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.
 
بەر لە یارییەکە چاڤی هێرناندێز گوتی " یارییەکەمان بەرامبەر سێڤییا یارییەکی دیکەی کۆتاییدەبێت، پێویستە لەسەر ئاستبەرزی خۆمان بەردەوامبین و بەو شێوەیە دەربکەوین کە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەرکەوتین."
 
راهێنەری یانە کەتەلۆنییەکە دەڵێت " سێڤییا لە باشترین کاتەکانیدا نییە، بەڵام خاوەنی راهێنەرێکی نایابە و دەتوانن کاری باشبکەن."
 
بارسێلۆنا لە 12 یاریی رابردوودا لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، دەیەوێت ئەمشەو درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکە وەربگرێت.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا، چاوەڕواندەکرێت لە هێڵی پێشەوەدا چاڤی هێرناندێز بۆ یارییەکەی ئەمشەو پشت بە هەریەکە لە عوسمان دێمبێلی، پیێر ئۆبامیانگ و فێران تۆرێس ببەستێت.