ئەمشەو یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا دەکرێت

رووداو دیجیتال

ئەمشەو کاژێر 22:30 بە کاتی باشووری کوردستان، یاریی کۆتایی کۆپا دێل رێی بۆ وەرزی 2020 - 2019 بەڕێوەدەچێت، کە لە نێوان ئاتلێتیک بیلباو و ریال سۆسیداد دەبێت.

بڕیاربوو ئەم یارییە لە مانگی نیسانی 2020 ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا دواخرا.

یارییەکە دێربییەکی سەرنجڕاکێشی باسک دەبێت، کە یاریگەی لاکارتۆخا لە شاری سێڤییا میوانداری دەکات، کە بۆ ماوەی 4 ساڵی داهاتوو میوانداری یاریی کۆتایی جامی کۆپا دێل رێی قۆرخ کردووە.

یانەی ئاتلێتیک بیلباو بەدوای بەدەستهێنانی 24ـەمین نازناوی جامەکەیە، کە لەوەتەی وەرزی 1983 - 1984ـەوە بێبەشە لەو نازناوە، کاتێک لە یاریی کۆتاییدا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە بارسێلۆنای بردەوە.

ریال سۆسیدادیش هیواخوازە نازناوی سێیەمی ئەو جامە بباتەوە، کە لە وەرزی 1986 - 1987ـەوە لێیبێبەشە، کاتێک بە لێدانی یەکلاکەرەوە لە ئاتلێتیکۆ مەدریدی بردەوە.

ئیسترادا فێرناندزی ناوبژیوان ئەم یارییە بەڕێوەدەبات، کە پێشبینی دەکرێت یارییەکی پڕ لە جۆش و رکابەری بێت.

بارسێلۆنا خاوەنی گەورەترین پشکە لە بردنەوەی نازناوەکانی ئەم جامە، کە 30 جار نازناوەکەی بەدەستهێناوە و دوایینیان لە وەرزی 2017 - 2018 بوو، کە لە یاریی کۆتاییدا بە 5 گۆڵی بێبەرامبەر بەسەر سێڤییادا سەرکەوت، ئاتلێتیک بیلباو لە پلەی دووەم دێت بە بردنەوەی 23 نازناو.

ئاتلێتیک بیلباو رۆژی 17ـی نیسان لە یاریی کۆتایی جامی ئیسپانیای ئەم وەرزەشدا لەسەر هەمان یاریگەی لا کارتوخا رووبەڕووی بارسێلۆنا دەبێتەوە.