بوندێسلیگا.. بایرن میونشن و لایپزیگ گرنگترین یاری ئەم وەرزە دەکەن

03-04-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن بایرن میونشن لایپزیگ
A+ A-

رووداو دیجیتال

دوای 12 رۆژ وەستان، ئەمڕۆ رکابەرییەکانی بوندێسلیگا دەستپێدەکەنەوە و گرنگترین یاری ئەم وەرزەی خولەکە دەکەن.

لە یارییەکی گرنگدا، بۆرووسیا دۆرتموندی پێنجەمی ریزبەندیی بە 43 خاڵ لەسەر یاریگەی سیگنال ئیدۆنا پارک، میوانداری ئینتراخت فرانکفورتی چوارەم و خاوەنی 47 خاڵ دەکات.

بۆرووسیا دۆرتموند سەرەڕای ئەوەی ئەرکی زۆر قورسە، بەڵام پێویستە یارییەکە بباتەوە ئەگەر بیەوێت وەرزی داهاتوو لە گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ بێبەش نەبێت، فرانکفورتیش نایەوێت ئەو دەرفەتە لەدەستبدات و هەوڵدەدات بە بردنەوە لە بۆرووسیا دۆرتموند خۆی نزیکبکاتەوە لە ڤۆلفسبۆرگی سێیەم.

لایپزیگ لە گرنگترین یاری ئەم وەرزەی بوندێسلیگادا، لەسەر یاریگەی رێد بول ئەرێنا میوانداری یانەی بایرن میونشن دەکات، کە ئەمەی دوایی بەجیاوازی 4 خاڵ لەپێش لایپزیگ لە پێشەنگی ریزبەندیی خولەکەدایە.

ئەگەر باڤارییەکان ئەم یارییە ببەنەوە، هەنگاوێکی گەورە دەنێن بەرەو نازناوەکە، چونکە جیاوزی خاڵەکانیان لەگەڵ رکابەری سەرەکییان دەکەنە 7 خاڵ، ئەگەرچی کاریگەریی یارینەکردنی رۆبێرت لیڤاندۆڤێسکیی گۆڵکاریان بە تیپەکەیانەوە دیاردەبێت، کە بەهۆی پێکانەوە دوورکەوتووەتەوە.

بەڵام ئەگەر لایپزیگ بتوانێت لە باڤارییەکان بباتەوە، ئاستی رکابەرییەکە دەگاتە لووتکە و بایرن تەنیا خاڵێکی لەو زیاتر دەبێت.

هەر بۆیەش هانز فلیکی راهێنەری بایرن میونشن لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا گوتی "دەمانەوێت بە زووترین کات شتەکان یەکلایی بکەینەوە". یولیان ناگلێسمانی راهێنەری لایپزیگیش گوتی "دەمانەوێت رکابەریی سەر نازناوەکە بهێڵینەوە".

لە رووی مێژووییەوە بایرن میونشن باڵادەستە، کە ئەو دوو یانەیە پێشتر 9 جار رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە، باڤارییەکان 4 جار براوە بوونە و 4 جاریش یەکسانبوونە، لایپزیگ تەنیا یەک یاری بردووەتەوە. بایرن 16 جار تۆڕی گۆڵی لایپزیگی هەژاندووە و پێشوازی لە 10 گۆڵی لایپزیگی کردووە.

یارییەکانی ئەمڕۆ:

بایرلیڤەرکوزن - شاڵکێ 16:30
بۆرووسیا دۆرتموند - ئینتراخت فرانکفورت 16:30
ڤۆلفسبۆرگ - کۆڵن 16:30
ماینز - ئەرمینیا بیلیفێڵد 16:30
ئۆگسبۆرگ - هۆفێنهایم 16:30
لایپزیگ - بایرن میونشن 19:30
بۆرووسیا مونشنگلادباخ - فرایبۆرگ 21:30


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە