رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی یانەی بارسێلۆنا مەرجێکی سەرەتایییان داناوە بۆ ئەوەی بیر لە گەڕاندنەوەی نەیمار داسیلڤای ئەستێرەی بەرازیلی و یاریزانی یانەی سانتۆس بکەنەوە بۆ ریزەکانی بلاوگرانا.
گەڕانەوەی نەیمار بۆ کامپ نو بووەتە قسەی میدیاکان و ئەو ئاستە باشەی یاریزانەکە ئێستا لەگەڵ یانە بەرازیلییەکەی پێشکەشی دەکات، وایکردووە هەموو سەرنجەکان بچنەوە سەرخۆی و هەمووان قسەی لەسەر بکەن.
بەگوێرەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی "بارسێلۆنا مەرجێکی سەرەتایی بۆ بیرکردنەوە لە ئەگەری گەڕاندنەوەی نەیمار داناوە، ئەویش ئەوەیە یاریزانەکە باشترین ئاستی خۆی لەگەڵ سانتۆس بەدەستبهێنێتەوە، کە مانگێک لەمەوبەر پەیوەندی بەو یانەیەوە کردووە، دوای ئەزموونە نائومێدکەرەکەی لەگەڵ یانەی هیلالی سعودی".
کارگێڕیی بارسێلۆنا ڕاشکاوانە بە نەیماری گوتووە "سەرەتا لەگەڵ سانتۆس 15 گۆڵ تۆمار بکە، دواتر بیر لە گرێبەستکردن لەگەڵت دەکەینەوە" واتا یاریزانەکە پێویستی بەوەیە بیسەلمێنێت کە دوای پێکانەکەی گەڕاوەتەوە ئاستی پێشووی.
لای خۆیەوە باوکی نەیمار، کە تاوەکو ئێستاش بەڕێوەبەری کارەکەیەتی و ئەو کەسەیە کە بەرپرسە لە گرێبەستە ریکلامییەکانی، دووپاتیکردەوە کە داهاتووی کوڕەکەی پەیوەستە بەمانەوەی لە یانەی سانتۆس لەدوای 30ـی حوزەیران، ئەو وادەیەی ماوەی گرێبەستەکەی ئێستای تەواو دەبێت.
لەهەمانکاتدا کەسانی نزیک لە نەیمار دووپاتی دەکەنەوە کە یاریزانەکە ئارەزووی گەڕانەوەی هەیە بۆ بارسێلۆنا، ئەو یانەیەی کە باشترین قۆناخەکانی پێگەیشتنی لە تۆپی پێدا لەگەڵیدا ژیاوە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دوو هۆکاری سەرەکی لەپشت خواستی گەڕانەوەی نەیمارەوە بۆ بارسێلۆنا هەن؛ یەکەمیان هۆکاری کەسییە، بەو پێیەی هەستەکانی بریندار بوونە بەهۆی هەموو ئەو شتانەی کە لەم چەند ساڵەی دواییدا لەسەری دەگوترێن و دەیەوێت بۆ هەمووان بیسەلمێنێت کە هێشتا تەواو نەبووە، هەروەها هێشتا توانای ئەوەی هەیە لە یەکێک لە گەورەترین یانەکانی جیهاندا بدرەوشێتەوە، بەتایبەتی کە بارسێلۆنا هەوڵی رکابەریکردنی هەموو نازناوەکان دەدات.
هۆکاری دووەمیش خواستی خۆیەتی بۆ ئامادەکارییەکی تەواو بۆ مۆندیالی 2026، کە دواهەلی دەبێت بۆ بردنەوەی نازناوەکە لەگەڵ بەرازیل، چونکە تاوەکو ئەوکاتە تەمەنی دەبێتە 34 ساڵ.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، بارسێلۆنا تاوەکو ئێستا بڕیاری لەسەر نەیمار نەداوە، چونکە چاودێری ئاستەکەی دەکات تاوەکو نزیکبوونەوەی ماوەکانی گواستنەوەی هاوینە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ