رووداو دیجیتاڵ
هاندەرانی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، جەنگی دژایەتیکردنی کیلیان ئێمباپێ دەستپێدەکەن، بەهۆی ئەوەی یاریزانەکە دەیەوێت لە یانەکە بڕوات.
هاندەرانی یانە فەرەنسییەکە بەبەرزکردنەوەی بانەر، دژایەتیی خۆیان لە دژی یاریزانەکە پێشاندەدەن و لە بانەرێکدا نووسیوویانە، کیلیان ئێمباپێ، ئێمە ناتوانین تاوەکو 30-6 چاوەڕوانبین"، ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ رۆیشتنی یاریزانەکە لە یانەی پاریس سانجێرمان.
رۆژنامەی لی 10 سپۆرتی فەرەنسی دەڵێت "ئێمباپێ لە مامەڵەی پاریس سانجێرمان تووڕەیە."
ئەمە لەکاتێکدایە هەفتەی رابردوو، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی فەرەنسا رایانگەیاند، لویس ئێنریکێ، بڕیارییداوە ئیدی لە هەموو یارییەکدا گۆڕانکاری بە ئێمباپێ بکات، تاوەکو پێشانی هاندەرانی یانەکەی بدات یاریزانەکە کاریگەریی لەسەر تیپەکە نابێت.
رۆژنامەی لێکیپی فەرەنسی ئەمڕۆ نووسیوویەتی "کیلیان ئێمباپێ پێی وایە کارگێڕیی پاریس سانجێرمان رێزی بڕیارەکەی ئەویان نەگرتووە بۆ بەجێهێشتنی تیپەکە و ئاسانکارییان کردووە بۆ ئەوەی بڕیارەکەی بگاتە میدیا، چونکە ئەو مەبەستی نەبووە بڕیارەکەی کاریگەریی لەسەر تیپەکە هەبێت."
سەرچاوەکە زیاتر دەڵێت "کیلیان بەر لەوەی دەستبەرداری پاداشتەکانی لەگەڵ پاریس سانجێرمان ببێت، دەیەوێت بگاتە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ ریال مەدرید، کە پاداشتەکانی لە پاریس سانجێرمان دەگەنە 100 بۆ 150 ملیۆن یۆرۆ."
کیلیان ئێمباپێ، بەتەواوی لە پەیوەندیکردن بە ریزەکانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی نزیکبووەتەوە، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن "یاریزانەکە بڕیاری کۆتایی داوە و گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان نوێناکاتەوە و ئەوەی بە کارگێڕیی یانە فەرەنسییەکە راگەیاندووە."
ئێمباپێ، لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان کۆتاییدێت و پێدەچێت کاروانی داهاتووی لە ئیسپانیا بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ