ڤیدیۆ؛ راگەیێنراوی ریال مەدرید و وردەکاریی گرژییەکانی یاریی بەرامبەر ڤالێنسیا

03-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ڤالێنسیا و ریال مەدرید
ڤالێنسیا و ریال مەدرید
نیشانەکردن ریال مەدرید ڤالێنسیا لالیگا خیل مانزانۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە یاریی نێوان هەردوو یانەی ڤالێنسیا و ریال مەدرید لە خولی تۆپی پێی ئیسپانیا، بەهۆی رەتکردنەوەی گۆڵێکی یانەی ریال مەدرید گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو و یانەی شاهانەش لە بڕیارەکانی ناوبژیوانی یارییەکەیان تووڕەیە.
 
یارییەکە لە رکابەرییەکانی گەڕی 27 لەسەر یاریگەی مێستایا بەڕێوەچوو، هەردوولا بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەک یەکسانبوون.
 
سەرەتا لە خولەکی 27 هوگۆ دورۆ گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی ڤالێنسیا تۆمارکرد.
 
دوای سێ خولەک رۆمان یارمچوک خاوەن یاریگەی کردە خاوەنی دوو گۆڵ و جارێکی دیکە تۆڕی ریال مەدریدی هەژاند.
 
پێشکۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم ڤینیسیوس جونیۆر ئەنجامەکەی بۆ ریال مەدرید کەمکردەوە.
 
لە نیوەی دووەمدا ریال مەدرید هێرشی زۆری بردە سەر گۆڵی یانەی ڤالێنسیا، خاوەن یاریگەش هەندێک مەترسیی دروستکرد، بەڵام لونین لەبەردەمیان وەستا.
 
لە خولەکی 76 ڤینیسیۆس جونیۆر گۆڵی دووەمی خۆی و یانەی ریال مەدریدی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی راستکردەوە.
 
لە دوایین خولەکەکاندا، یارییەکە رووداوی زۆری بەخۆیەوە بینی و ناوبژیوان چەندجاریک بۆ یەکلاکردنەوەی بڕیارەکانی گەڕایەوە بۆ سیستمی ڤار.
 
ئەو رووداوەی گەورەترین کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا لە دوایین خولەکی یارییەکەدا بوو و ناڕەزایەتییەکی گەورەی لێکەوتەوە.
 
چی روویدا؟
 
لە خولەکی 99ـی یارییەکەدا، براهیم دیاز ئۆفەرێک دەکات و تۆپەکە دەگەیێنێتە نێو ناوچەی سزا، ناوبژیوان فیکەی کۆتایی یارییەکە لێدەدات و هێشتا تۆپەکە لە هەوایە، لەو کاتەدا جود بێلینگهام گۆڵی بردنەوەی ریال مەدرید تۆماردەکات، بەڵام ناوبژیوان گۆڵەکە هەژمار ناکات و دەڵێت یارییەکە کۆتاییهات.
 
ئەم بڕیارەی ناوبژیوان تووڕەیەکی زۆری یاریزانانی ریال مەدریدی لێکەوتەوە، یاریزانەکان بەلێشاو چوونە لای خیل مانزانۆی ناوبژیوانی یارییەکە و ناڕەزایەتییەکی گەورەیان پێشاندا، لەنێو ناڕەزایەتییەکاندا ناوبژیوان کارتی سووری بەرزکردەوە، بەڵام سەرەتا کەس نەیزانی کارتە سوورەکەی بۆ کێیە؟
 
هەڵوێستی ریال مەدرید
 
یانەی ریال مەدرید هەر زوو راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "بڕیارێکی بێ وێنەی خیل مانزانۆ رێگەی نەدا ریال مەدرید لەنێو مێستایا لە ڤالێنسیا بباتەوە."
 
ئەنجامەکە 2-2 بوو لە دوایین خولەکی یارییەکەدا، براهیم دیاز تۆپێکی گەیاندە نێو ناوچەی سزا و بێلینگهام بەلێدانی سەر گۆڵی گۆڕینی ئەنجامەکەی بۆ 3-2 تۆمارکرد، بەڵام ناوبژیوان گۆڵەکەی رەتکردەوە و یارییەکەی کۆتاییهێنا، لەکاتێکدا تۆپەکەی دیاز هێشتا لە هەوادا بوو، ریال مەدرید لە راگەیێنراوەکەیدا ئەمەی روونکردووەتەوە.

 
راپۆرتی ناوبژیوانی یارییەکە
 
خیل مانزانۆ، ناوبژیوانی یارییەکە لە دوای کۆتاییهێنانی بە یارییەکە کارتی زۆری بەرووی جود بێلینگهامدا بەرزکردووەتەوە و لەبارەی هۆکاری کرانە دەرەوەی یاریزانەکە روونکردنەوەی لە راپۆرتەکەیدا نووسیووە.
 
مانزانۆ لە راپۆرتەکەیدا نووسیوویەتی "لە خولەکی 99 بێلینگهام کارتی سووری پێدراوە، بەهۆی ئەوەی دوای یارییەکە لەنێو یاریگەدا ماوە و بەردەوامبووە لە ناڕەزایەتی دەربڕێن و چەندجارێک دووبارەی کردووەتەوە "گۆڵێکی مەسخەرە ".
 

 
لێدوانی کارلۆ ئەنچێلۆتی
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکە ناڕەزایەتیی خۆی پێشاندا و گوتی "پێشتر شتی لەمشێوەیەم نەبینیووە."
 
ئەنچێلۆتی لە سەرەتای قسەکانیدا بە رۆژنامەڤانانی گوت "چی بڵێم؟ پێویست ناکات زۆر قسە بکەم، پێشتر شتی لەمشێوەیەم نەبینیووە."
 
راهێنەری ریال مەدرید لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "ئەوەی ئێمەی نیگەرانکرد کارتە سوورەکەی بێلینگهام بوو، چونکە ئەوە هیچ سووکایەتیی نەکردووە، بێلینگهام بە ناوبژیوانەکەی گوتووە گۆڵێکی مەسخەرە، بەڵام سووکایەتیی پێ نەکردووە."
 
کارلۆ زیاتر گوتی "یاریزانەکان هەمووان تووڕەن، پێویستە ئارامیان بکەینەوە، چوارشەممە یارییەکی گرنگمان هەیە، پێویستە بگەڕێینەوە دۆخی ئاسایی خۆمان، قەدری شتە باشەکان بگرین و باشتریان بکەین، دەبێت کەمێک ئارامبینەوە."

 

 
ریال مەدرید سەرەڕای لەدەستدانی دوو خاڵ لە یارییەکەدا بە کۆکردنەوەی 66 خاڵ لە پلەی یەکەمی ریزبەندی لالیگایە و 7 خاڵ لە جیرۆنای دووەمی خولەکەوە دوورە.
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە