شەمشەمەکوێرەکان گەیشتنە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا

03-03-2022
ئیحسان تاهیر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ڤالێنسیا، گەیشتە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا، دوای ئەوەی توانی بە گۆڵێکی بێوەڵام لە یانەی ئاتلێتیک بیلباو بباتەوە.
 
ڤالێنسیا لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیادا، لەسەر یاریگەی مێستایا میوانداری ئاتلێتیک بیلباوی کرد و بە ئەنجامی 1-0 لێبردەوە و بلیتێکی یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێنا.
 
ڤالێنسیا سووربوو لەسەر قۆستنەوەی هۆکاری خاک و جەماوەرەکەی و توانی ئاستێکی بەرز پێشکێشبکات، کە هەر لە سەرەتای یارییەکەوە دەستی بە هێرشبردن کرد، تاوەکو گۆنزالۆ گیدیشی هێرشبەری دوو خولەک پێش کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم، ڤالێنسیای کردە خاوەن گۆڵی پێشکەوتن.
 
لە نیوەی دووەمدا هەردوو یانە چەندین هێرشیان بردە سەر گۆڵی یەکدی، بەڵام هیچ شتێک نەگۆڕا و ئەنجامی یارییەکە وەک خۆی 1-0 لە بەرژەوەندی شەمشەمەکوێرەکاندا مایەوە.
 
ڤالێنسیا سوودی لە ئەنجامی یاریی چوون وەرگرت بۆ بەدەستهێنانی بلیتی یاریی کۆتایی، کە بە یەکسانبوون بە ئەنجامی 1-1 لەسەر یاریگەی سان مامێس کۆتاییهاتبوو.
 
ڤالێنسیا چاوەڕێی براوەی یاریی ریال بێتیس و رایۆ ڤاییکانۆیە، کە ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لەسەر یاریگەی بینتۆ ڤیامارین لە شاری سێڤییا بەڕێوەدەچێت، کە ریال بێتیس یاریی چوونی بە ئەنجامی 2-1 بردووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە